بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی موسەوی خەڵخاڵی شارەزا لە کاروباری عێراق لە وتووێژێکدا تیشکی خستووەتە سەر دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ئەوەی کە سەدر بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لە ڕاستیدا بۆ خزمەتکردن بە دوژمنانی گەلی عێراقی دەکات.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
بۆ سەید موقتەدا سەدر لەم قۆناغەدا پەنای هێناوەتە لەشکرکێشی سەر شەقامەکان؟
پاش ئەوەی کە سەدر داوای لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی عێراق کرد کە دەست لە کار بکێشننەوە و ئەوانیش جێبەجێیان کرد، هەستی بەوە دەکرد کە کەشێک لە بەرژەوەندی ئەودا دێتە پێشەوە و دەتوانێت لەو ڕێگایەوە ئیرادەی خۆی بە سەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت کە ئەمەش ڕووی نەدا و لەوە توڕە بوو کە سەرۆکی پەرلەمان لە ماوەیەکی کەمدا نامەی دەست لە کار کێشانەوەی سەدرییەکانی پەسەند کرد و هەروەها جێگرەوەکانی ئەوانیش لە پەرلەمان دیاری کران.
ئەمەش بۆ موقتەدا قبووڵکراو نەبوو و هەستی بە شکستێک دەکرد، بە تایبەت ئەوەی کە کەس ناڕەزایەتی دەرنەبڕی و نەڕژایە سەر شەقام کە بۆ سەدر لە پەرلەمان هاتووەتە دەرەوە یا کەس داوای لێنەکرد کە لە پەرلەمان نەکشێتەوە، هەر بۆیە سەدر لە دەرفەتێک دەگەڕا کە پیشان بدات بەردەوام لە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە و لایەنی سەرەکییە لە عێراق و کەس ناتوانێت ئەو لە بەرچاو نەگرێت.
موقتەدا سەدر نوێژی هەینی گەورەی لە بەغدا بەڕێوەبرد، لە کاتێکدا کە خۆی ئامادە نەبوو و وتاریشی نەبوو و بە تەنیا بەیاننامەیەکی لە لایەن نوێنەرەکەیەوە خوێندرایەوە و لەم ڕێگایەوە ویستی ئەوەی هەبوو نمایشێکی سیاسی پیشان بدات و ئامانجەکەشی ئەوە بوو کە گوشاری پێویست بخاتە سەر لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تا داواکارییەکانی قبووڵ بکەن. ئەمەش لە کاتێکدابوو کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی مافی ئەوەی هەبوو لە پاش کشانەوەی فراکسیۆن سەدر، خۆی وەک فرانسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانی، کاندیدی سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکات و حکومەتی داهاتووی عێراق پێک بێنێت و بە پێی یاسا موقتەدا سەدر نەیدەتوانی لە ڕەوتی پێکهێنانی کابینە دەستێوەردانی هەبێت.
کاتێک چوارچێوەی هاوئاهەنگی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی دەستنیشان کرد، سەدر هەستی بەوەکرد کە لە گۆڕەپانەکەدا کراوەتە دەرەوە و پێگەی خۆی لە دەست دەدات و لە کابینەی داهاتووی عێراق کاریگەریی نابێت، بەم هۆیەوە ڕژایەوە سەر شەقام و عێراقی تووشی کێشە و قەیرانێکی گەورەتر کردووەتەوە.
لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە مەترسیدارەی سەدر بۆ عێراق و پرۆسە سیاسییەکەی چییە؟
سەبارەت بەوەی کە لە عێراق چ ڕوو دەدات، دەبێت بڵێم کە کەشێکی مەترسیدار دەبینرێت و ئەمەش لێکەوتەی زۆری بە دواوە دەبێت، ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێداگری لە سەر کاندیدەکەی بکات کە ئەڵبەت مافێکی ڕەوایە، لە بەر ئەوەی کە دەڵێن زۆینەین و مافی خۆمانە کاندیدی سەرۆک وەزیرانمان هەبێت و ڕەوتی سەدریش لەم سیاسەتەی و ڕێگری لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەردەوام بێت، عێراقێک کە 9 مانگە لە پاش هەڵبژاردنەکان کەوتووەتە بنبەسێکی سیاسی، بەرەو قووڵتربوونی کێشە و قەیرانەکە هەنگاو دەنێت.
ئەوەی کە لایەنێک بیەوێت ئیرادەی خۆی بە سەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت، دەتوانێت لێکەوتە و کاریگەری مەترسیداری لە سەر عێراق هەبێت.
لە پاش ئەم ئاژاوەگێڕییەی سەدر و لایەنگرانی، سیناریۆکانی داهاتووی پرۆسەی سیاسی عێراق چۆن دەبینن؟
سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەمان کاتدا کە پێداگری لە سەر بەرەوپێشچوونی سیاسەتی ئێستای خۆیان و کاندیدکردنی محەممەد شیاع سودانی دەکەنەوە، پلانی ئەوەیان هەیە کە ئاڵۆزییەکان نەهێننە سەر شەقام، بە واتایەکی دیکە ئەوان نایانەوێت هەڵە ستراتیژییەکەی سەدر دووبارە بکەنەوە، بە تایبەت ئەوەی کە نیگەرانی هەیە لە ئەگەر هێنانی لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ سەر شەقام، کێشەکە بگاتە شەڕ و پێکدادانی سەربازیی نێوان لایەنگرانی هەر دوو لا.
سیناریۆی دووەم ئەوەیە کە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان بتوانن بگەنە چارەسەرێکی گونجاو. ئەڵبەت پێناچێت سەدرییەکان لەم قۆناغەدا بیانەوێت لایەنەکانی چووارچێوەی هاوئاهەنگی ڕازی بکەن، ئەوەی کە سەدر و ڕەوتەکەی دەیەوێت، بەردەوامی ئاژاوەگێڕییە تا گەیشتن بە هەڵبژاردنی پێشوەختە، لە ئەگەری ئەمەش لایەنی دیکە ئەگەر هەست بەوە بکات دۆڕاوە، هەمان پلانی سەدر و لەشکرکێشی سەر شەقام دووبارە دەکاتەوە و ئەمەش داهێنانێکی نوێ و مەترسیدارە لە پرۆسەی سیاسی عێراق و تەنیا کێشە و قەیرانەکانی ئەم وڵاتە زیاتر دەکات. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەم کەشە سیاسییە ناکۆکەی عێراق هێندە ئاسان نییە و تەنیا تێچووەکەی بۆ سەر گەلی عێراق دەبێت و دەتوانێت ئەم وڵاتە بەرەو ناسەقامگیری زیاتر ببات.
بژاردە و سیناریۆکانی بەردەم چوارچێوەی هاوئانەهگی و هەروەها هەڵوێستی لایەنەکانی وەک پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە هاوپەیمانی سەدر بوون، بە چی دەزانن؟
سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دەبێت بڵێم کە لە ئێستادا نایانەوێت واز لە کاندیدکردنی شیاع سودانی بێنن، ئەوان دەڵێن کە بە کۆدەنگی ئەو کاندیدەمان دەستنیشان کردووە و لە پەرلەمانیش زۆرینەمان هەیە و پەرلەمان دەبێت دەنگ بەو بدات، ئەوان نایانەوێت عێراق ڕوبەڕوی ئاڵۆزی بکەنەوە، لە ئێستادا ئەمە سیاسەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە.
سوننەکان هێشتا پەیوەندییان بە سەدرەوە ماوە و مەرجی ئەوەشیان دیاری کردووە کە دەبێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەندین خاڵێکیان لە حکومەتی داهاتوو بۆ دەستەبەر بکات و هەروەها لە گەڵ پارتیش ڕێکەوتنیان هەبێت. ئەوان هەست بەوە دەکەن کە لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوماڵی شێعە دەتوانن ئیمتیازی خۆیان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەربگرن، سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش هەمان بۆچوون و مەرجی سوننەکانی هەیە، ئەڵبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووە. پارتی دیمۆکراتی کوردستان لایەنێکی سەرەکیی هاوپەیمانی سەدر بووە، هەرچەندە لە پاش کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق ئەو هاوپەیمانییە نەماوە بەڵام خواستی هاوبەشی نێوانیان وەک خۆی ماوەتەوە و ئەگەر پارتی بیەوێت لە حکومەتەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشداری بکات مەرج و خاڵی دیاریکراوی بۆ ئەمە دەبێت، وەک چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و گاز لە پاش دەرکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یان پشکی لە سەدا 17 ی هەرێم لە بودجەی عێراق، هەروەها ڕەنگە داوای ئەوەش بکەن کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەرکەوتن بە دەست بێنێت.
خاڵی دیکە ئەوەیە کە بەم جوڵەی سەدرەوە ئاشتی کۆمەڵایەتی و ناوخۆیی لە عێراق ڕوبەڕوی مەترسی بووەتەوە، ئەم ئاژاوەگێڕییە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی چ وڵاتانێک دەبێت و هۆی پاڵپشتی میدیایی چەندین وڵاتی وەک ئیمارات و سعوودیە و لایەنە ناوخۆییەکانی عێراق لە ئاژاوەگێڕییەکەی سەدر چییە؟
مەترسی تێکچوونی بارودۆخی ناوخۆیی عێراق هەیە، شێعەکان هەست بە پیلانگێڕییەک دەکەن و لەمەش نیگەرانن، ئەڵبەت هەوڵی مەرجەعیەتی شێعە لە نەجەف ئەوەیە کە عێراق ئەم قۆناغە بە بێ شەڕی ناوخۆیی تێپەڕ بکات.
سەبارەت بە پاڵپشتی وڵاتانی وەک سعوودیە و ئیمارات لە ئاژاوەگێڕییەکەی سەدر دەبێت بڵێین کە حکومەتی عێراق شێعەیە و ئەمەش خوازراوی وڵاتانی سوننەی ناوچەکە نییە و دەیانەوێت تەنانەت حکومەتێکی شێعەی نزیک لە خۆیان لە سەر دەسەڵات بێت و لایەنەکانی دیکەی وەک کورد و سوننە تێدا بەشدار بێت. ئەمەش بۆ سڕینەوەی زۆرینەی لایەنەکانی شێعەیە و دەتوانێت سەرەتایەکی مەترسیدار بۆ عێراق بێت./.