بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید هادی سەید ئۆفۆقهی شارەزای نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی عێراق وتی: لە عێراق بە هۆی پێکهاتەی سیاسی و ئەوەی کە لە دەستووردا باس کراوە و ئەوەی کە ئەمریکییەکان کاتی خۆی لە دەستووری ئەم وڵاتەدا شوێنیان کردووەتەوە، هیچ گرووپێک لە هیچ ئائین و مەزهەب و پێکهاتەیەک بە تەنیایی ناتوانێت لە کاروباری عێراقدا کاریگەر بێت و ئەمەش بووەتە بنەمایەکی گشتی.
ناوبراو وتی: لە ساڵی 2003 کە ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام و بەعسییەکان ڕووخا تا ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بە تەنیایی لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە چارەنووسی عێراق دیاری بکات، هەر بۆیە ئەم وڵاتە بە پێی ئەو دەقە دەستوورییانە کە تەواو نییە بەردەوام بۆ پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران تووشی کێشە بووە.
سەید ئۆفۆقهی وتی: لە عێراق بە هۆی دەستێوەردانە دەرەکییەکان بە تایبەت لە لایەن ئەمریکا، بەریتانیا، ئیمارات، سعوودیە، تورکیا و ڕژێمی زایۆنیستی کە لە پشتەوەی ڕووداوەکانی عێراق بە تایبەت لە هەرێمی کوردستانە، موڵەتی ئەوە نادەن خەڵک بە پێی بنەما دیمۆکراسییەکان چالاکییەکانی خۆیان بە ئارامی جێبەجێ بکەن.
ئەو شارەزایەی کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا وتی: ئەمڕۆ عێراق گەیشتووەتە بنبەستێکی سیاسی مەترسیدار و چارەنووسساز، نۆ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمان کراوە کە هاوپەیمانییەکەی نێوان سەید موقتەدا سەدر، مەسعود بارزانی و محەممەد حەلبوسی زۆرترین دەنگی بە دەست هێنا تا حکومەتی زۆرینە پێک بێنن بەڵام ئەوان لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرکەوتوو نەبوون و لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانیش شکستیان هێنا.، هەر بۆیە سەدر لە پاش ئەو شکستە گەورەیە، فەرمانی کشانەوەی 73 ئەندامی فراکسیۆنەکەیی لە پەرلەمانی عێراق دەرکرد.
ناوبراو وتی: پاش ئەو بڕیارەش شرۆڤەکاران ڕایانگەیاند کە موقتەدا سەدر بڕیارە لایەنگرانی بڕژێنێتە سەر شەقام، ئەمە لەم ڕۆژانەی عێراقدا دەبینرێت. پاش کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی شێعە پێک دێنن، محەممەد شیاع سودانییان وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد.
سەید هادی سەید ئۆفۆقهی بە ئاماژە بە دژایەتی ئەم بڕیارەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە لایەن سەدرییەکانەوە وتی: کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق مافی خۆیە بەڵام بۆ ناوبراو ڕێز لە بنەما دیمۆکراسییەکان ناگرێت و ڕێوشوێن بۆ لایەنەکانی دیکە دیاری دەکات و ئیرادەی خۆی بە سەر ئەواندا دەسەپێنێت؟ بۆ سەدر لە پەرلەمان کشایەوە و لایەنگرانی ڕژاندە سەر شەقام؟ بۆ ئەوانی بردووەتە ناوچەی سەوز؟ سەدر ئەو مافە بە خۆی دەدات هەر کات یارییەکە لە بەرژەوەندی ئەودا نەبوو لە لایەنەکانی دیکەشی تێک بدات و هێرش بکاتە سەر دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکانی عێراق و بەو شێوازە کە بینرا لایەنگرانی بۆ ئاژاوەگێڕی و ئاڵۆزی هان بدات.
ناوبراو وتی: سەدر فەرمانی بە لایەنگرانی دا کە نووسینگە و بارەگای لایەنە سیاسییەکانی دیکە دابخەن، لایەنگرانی ئەوەیان کرد، کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی سەر بە لایەنەکانی دیکەیان سووتاند، ئەمەش هەمان هەڵسووکەوتە کە لە سەردەمی دیکتاۆریەتدا بینراوە، ئەو دەڵێت یان دەبێت من بم یان دۆخەکە گڕ تێ بەردەدەم، لایەنگرانی سەدر دەچنە سەر ماڵی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و هەڕەشە لەوان دەکەن کە ئەگەر بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا بکەن دەیانکوژن و ماڵەکانیان دەسووتێنن.
سەید ئۆفۆقهی وتی: دوژمن کەڵک لەم دۆخە وەردەگرێت و ئاگری ئاڵۆزییەکە زیاتر دەکات، ئەمریکییەکان سەرچاوە سرووشتییەکانی عێراقیان دەوێت، ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق دەدات، کورد بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە ساڵی 2017 ڕیفراندۆمی کرد داوای جیابوونەوە دەکات، سوننەکان داوای هەرێمی تایبەت و سەربەخۆ دەکەن. پیلانی ئەمریکا ئەوەیە کە عێراق دابەش بکەن و پلانەکەیان ئەوەیە کە لە سەرەتا حەشدی شەعبی هەڵبوەشێننەوە و بە وتەی خۆیان دەستی ئێران لەم وڵاتە کورت بکەنەوە، ئەوان دەیانەوێت نەوتی عێراق تاڵان بکەن، ئەمریکییەکان دەیانەوێت بەعسییەکان بۆ دەسەڵات بگەڕێنەوە.
ناوبراو وتی: دەبێت ڕەوتی سەدر ئەو ڕاستییە بزانێت کە نوێنەری تەواوی شێعەکانی عێراق نییە، ئەوان دەبێت ئەوە بزانن کە حەشدی شەعبی لایەنگری خۆی هەیە. سەدر ناتوانێت خۆی بە تاکە بڕیاردەری عێراق بزانێت، ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بە یاسایەکی دادپەروەرانە بکرێت کێشی سیاسی سەدر ڕوون دەبێتەوە.
وتیشی: ڕەغەی کچی سەدام چەپڵە بۆ سەدر و لایەنگرانی لێدەدات، ئەم سیاسەتەی سەدر خزمەت بە عێراقییەکان ناکات، سەرجەم دوژمنان کەوتوونەتە پش جوڵەکانی سەدرەوە و بۆ شەڕی ناوخۆیی شێعە هانی دەدەن.
ئەو شارەزا نێودەوڵەتییە وتی: سەدر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و کاندیدبوونی محەممەد شیاع سودانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەک پاساوێک بەکار دێنێت، ئەگەر بڕیارە ڕوبەڕوی گەندەڵی ببنەوە با لە ناوخۆی ڕەوتی سەدرەوە دەست پێبکەن کە لە هەر کابینەیەکدا لە سەدا 30 تا 40 ی وەزیرەکان و کاربەدەستانی باڵا لە سەدرییەکان بووە و سەرجەمیان تۆمەتبارن بە گەندەڵی./.