بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاگەێندراوێکدا هەواڵی دەستبەسەرکردنی کەسێکی سویدییان بە تۆمەتی سیخوڕی بڵاو کردووە.
ئەو تۆمەتبارە سویدییە لە سەردانەکانی پێشوویدا بە هۆی هەندێک هەڵسووکەوت و پەیوەندی گوماناوی، لە ڕیزی داواکراوەانی یەکەی دژە سیخوڕیی وەزارەتی هەواڵگریدا بووە و سەرجەم چالاکییەکانی لە ژێر چاودێری ئەفسەرانی دژە سیخوڕیی ئەو وەزارەتەدا بووە.
وەزارەتی هەواڵگری ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسە لە گەڵ ژمارەیەک کەسی گوماناویی ئەورووپی و وڵاتانی دیکە کە لە ئێران لە ژێر چاودێریدا بوون، پەیوەندیی هەبووە.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە تۆمەتبارە سویدییەکە بە تەواوبوونی بەڵگەکان لە کاتی هەوڵدان بۆ چوونە دەرەوەی لە ئێران دەستبەسەر کراوە.
ئەو کەسەش پێش ئەوەی سەردانی ئێران بکات، سەردانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستینیشی کردووە.
وەزارەتی هەواڵگری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئاسایشی وڵات و ئارامیی خەڵک بە هێڵی سوور دەزانێت و بچووکترین دەسدرێژی بۆ سەر سنورە ئەمنییەکانی وڵات بە دوور لە هەر بانگەشە و پیلانگێڕییەکی زایۆنیستی – ئەمریکی – ڕۆژئاوایی بە توندترین شێواز وەڵام دەداتەوە./.