بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بۆرازجان دەشتێکی بەربڵاوە کە لە باشوری ئێران لە 70 کیلۆمەتری باکوری بوشەهر و ناوەندی قەزای دەشستان هەڵکەوتووە، ئەم ناوچەیە کەوتووەتە نێوان بوشەهر و شیراز و لە سەردەمانی کۆنەوە ئەم دوو شارە گەورەی پێکەوە بەستووەتەوە، ئەو ڕێگایە لە کۆندا بە ناوی ڕێگای شا ناسراو بووە، ئەمەش وایکردووە کە بۆرازجان شارێکی گەورە و ئاوەدان بێت.
ئەم شارە دەوڵەمەندە بە ئاسەوارە مێژووییەکانی وەک کۆشکەکانی بەردەکی ڕەش، بەردی ڕەش و شوێنێک بە ناوی چەرخاو کە کۆشکی زستانەی کورۆش بووە.
ئەم ڕێگایە کە شوێنی تێپەڕبوونی کاروانییەکان بووە، پێویستی بە کاروانسەراکان هەبووە، ئەو شوێنە گەورە و ئاوەدانانەی ئەو سەردەمە کە شوێنی حەوانەوە و پشوودانی کاروانییەکان و خەڵکانی دیکە بووە. حاجی میرزا ئەبولحەسەن خان موشیر ئەلمولک لە گەورەکانی ناوچەکە و دەسەڵاتداری فارس لە ساڵی 1288 ی کۆچی مانگی بەرامبەر بە 1250 ی هەتاوی فەرمانی درووستکردنی کاروانسەرایەکی بە ڕوبەری نزیکەی 7000 مەتری چوارگۆشە دەرکرد کە بیناکەی تەنیا 4200 مەتری چوارگۆشەیە، هەر بۆیە کاروانسەراکە بە ناوی موشیرئەلمولک ناوبانگی دەرکرد. ئەندازیاری بیناکە کەسێک بە ناوی حاجی محەممەد ڕەحیم شیرازی بووە کە بەدەر لەو بینایە پردی موشیر و کاروانسەرای داڵکیی درووست کردووە.
ئەم کاروانسەرایە 4 تاوەری بە بەرزایی زیاتر لە 12 مەتر هەیە، بە پێی ئەوەی کە کاروانسەراکان کە لە سەر ڕێگا و جادەکانی ئەو سەردەمە درووست دەکران و پێویستیان بە پاراستن و ئاسایش هەبووە، 4 تاوەرەکە ڕۆڵی پاراستنی ئاسایشی کاروانسەراکە و ئەو خەڵکەی دەگێڕا کە لەو شوێنەدا بۆ پشوودان دەمانەوە.
دەروازەی ئەم کاروانسەرایە کە لە بەشی باشوری ڕۆژئاوایدایە سێ نهۆمە و لە بەشەکانی دیکەدا بیناکە دوو نهۆمییە کە هەر دوو نهۆمەکەش شوێنێکی بە ناوی شانشین هەیە. کاروانسەرای موشیر ئەلمولک دوو حەوشەی گەورە و بچووکی هەیە و بە گشتی 68 ژووری هەیە کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا ژمارەیان کەم و زیاد کراوە.
ئەم بینایەی سەردەمی قاجاڕ لە ناوەندی شاری بۆرازجان لە تەنیشت گۆڕەپانی سەرەکی شارەکەدایە، بینایەکە بە هۆی کەرەستەی بیناسازی تایبەتی ئەو سەردمەوە ساڵانێکە وەک خۆی ماوەتەوە و مێژووییەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی هەیە. بیناکە تەنیا 50 ساڵ وەک کاروانسەرا کەڵکی لێ وەرگیراوە و لە ساڵی 1330 ی کۆچی هەتاوی تا نزیکەی 35 ساڵ ناوە ناوە شوێنی فەرمانگە حکومییەکان و هەروەها مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەو سەردەمە بووە.
لە سەردەمی پاڵەوی دووەم بەو گۆڕانکارییەی کە لە بیناکەدا کرا، کرایە گرتووخانە و بە هۆی کەشوهەوای گەرمی ناوچەکە ئەم گرتووخانە بووە شوێنێکی مەترسیدار بۆ زیندانییە سیاسییەکان، هەر بۆیە لە ساڵی 1336 ی کۆچی هەتاوی ناوەکەی لە کاروانسەراوە بۆ قەڵا گۆڕدرا.
قەڵای بۆرازجان لە ساڵی 1362 ی کۆچی هەتاوی لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا ناوی تۆمار کراوە و لە ئێستادا دەرگاکانی بە ڕووی خەڵک و گەشتیاراندا کراوەیە./.