بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی سەر ناوچەیەکی گەشتیاری لە قەزای زاخۆ لە هەرێمی کوردستان، کەشی ناوخۆیی عێراقی ئاڵۆز کردووە و کاردانەوەی بەرپرسانی عێراقیش لە سەر ئەم دەسدرێژییە بەردەوامە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، جەواد ئەلبولانی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق وتی: ڕێکەوتنی ئەمنی هاوبەشی عێراق و تورکیا تایبەت بە ناوچە سنورییەکان کۆتایی هاتووە و تایبەت بە یەک ساڵ و کاتی بووە کە تا ئێستا بە ڕەچاوکردنی ڕاوێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێکردنی بەردەوام بووە.
ناوبراو وتی کە لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی داهاتووە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەسدرێژییەکانی تورکیا.
ئەلبولانی وتی: هێرشە سەربازییەکەی تورکیا کارەساتی بە دواوە بووە و بەردەوامبوونی ئەوە دەسەلمێنێت کە تورکیا ڕێز لە دەسەڵات و سەروەری عێراق ناگرێت و ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستی یەکگرتووی بەرپرسانی عێراق لە سوپا و دەزگا ئەمنییەکان تا حکومەت و پەرلەمان هەیە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی: دەبێت سەرەتا بەرەی ناوخۆیی ڕێک بخرێتەوە، حکومەتێکی بەهێز پێک بهێندرێت و بەمەش توانای بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پاراستنی گیانی خەڵک دابین بکرێت.
ڕاشیگەیاند کە ئەگەر تورکیا ویستی ڕوبەڕوبونەوەی پەکەکەی هەیە دەبێت هەر چالاکییەکی لە گەڵ ئامانج و شوێنی مەبەست بە هەماهەنگی هێزە چەکدارەکانی عێراق و حکومەتی بەغدا بێت./.