بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆن کێربی ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کاروباری ستراتیژی، نیگەرانی خۆیی لە سەر توانای درۆنەکانی ئێران دەربڕی و وتی کە ئەمریکا لە کاتی هێرشی دژ بە داعش توانای درۆنەکانی ئێرانی لە نزیکەوە بینیوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە سەردانەکەی دوێنێی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ تاران، بە بێ ئاماژە بە مێژووی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ وتی کە ئەم سەردانە پیشاندەری پێویستیی پوتینە بە ئێران، لە بەر ئەوەی کە خێرایی هێرشەکانی سەر ئۆکرانیا زۆرە و بڕیار نییە ڕابگیرێت.
کێربی وتی: ئێران توانای ناوخۆیی بەرهەمهێنانی درۆنی هەیە و بە چاوی خۆمان بینیومانە کە درۆنەکانی ئێران چۆن لە دژی دامەزراوە و بنکەکانی ئێمە لە سوریا و عێراق بەکارهێنراون، بەم هۆیەوە لە نزیکەوە چاودێریی ئەگەری فرۆشتنی درۆنەکانی ئێران بە ڕووسیا دەکەین./.