بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی لوبنانیی ” الاخبار ” لە ڕاپۆرتێکدا تاوتوێی کۆبوونەوەی سێقۆڵی تارانی بە ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە سوریا کردووە و ڕایگەیاندووە کە بە پێچەوانەی دەستپێشخەرییەکانی پێشوو، چ ڕووسی و چ ئێرانی، تاران ئەمجارە بە پاڵپشتی مۆسکۆ هەنگاوی زیاتری بۆ کردنەوەی دەرگاکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە بە شێوازێکی ڕوون و هاوسەنگ هەڵگرتووە کە پێدەچێت لە بەرژەوەندی سەرجەم لایەنەکاندا بێت، ڕێگایەک کە تێیدا ئەردۆغان لە گەڵ ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کۆبووە تا لە پاش هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێران بە سەردانەکەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بۆ تاران لە مانگی ئایاری ڕابردوو و کۆبوونەوەی لە گەڵ ڕێبەری باڵای ئێران و هەروەها هەوڵەکانی تاران بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و هەڕەشەکانی ئەنکەرە بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەربازی لە باکوری سوریا، خاڵێکی وەرچەرخان بێت.
الاخبار لە درێژەدا ڕایگەیاندووە: پێدەچێت کە کۆبوونەوەکانی سێ شەممە 19 ی تەمموزی تاران ڕێگاکانی بە ڕووی پرۆسە سەربازییەکانی تورکیا داخستووە بە تایبەت ئەوەی کە ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ڕاشکاوانە بە ئەردۆغانی ڕاگەیاند کە ئاسایشی ئێوە لە ئاسایشی سوریایە. خەمڵاندنی مەیدانیش لەم ئاراستەیە نزیک دەبێتەوە. ڕووسیا سێ شەممە فەرماندەی هێزەکانی لە سوریا بۆ کۆبوونەوەی لە گەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات نارد و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەم هێزانە ڕەزامەندی خۆیان لە سەر کشانەوەی تەواو لە ڕێگای m4 و ڕادەستکردنی بە سوپای سوریا دەربڕیوە، بابەتێک کە پێدەچێت دۆخێکی نوێی مەیدانی بێنێتە پێشەوە و چیدی هیچ بیانوویەک بۆ ئەنکەرە و دەستپێکردنی کردەوە سەربازییەکانی لە باکوری سوریا نەمابێتەوە.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە ڕوون بووەتەوە ئەنجامی کۆبوونەوەی سێقۆڵییەکەی تاران سەبارەت بە چارەنووسی کردەوە سەربازییەکانی تورکیا لە باکوری سوریا، ئەگەری دەستپێکردن یان دواکەوتن، ئەو ناوچانەی کە ڕەنگە شەڕیان تێدا بکرێت و مەرجەکانی تورکیا بۆ دواخستن و هەڵوەشانەوە، تەواو کراوە، جموجوڵە هاوبەشەکانی ڕووسیا و ئێران لە شەوی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە لە ئاستێکی باڵا بۆ بەلاوەنانی ناکۆکییەکان و سەلماندنی ڕاستییەکی نوێی مەیدانی لە باکوری سوریا بووە. ڕەنگە ڕووسیا و ئێران تورکیایان لە جموجوڵەکانی ئەم دواییەی باکوری سوریا و نەخشەی نوێی جێگیربوونی سوپای سوریا لە ناوچەی تەل ڕەفعەت تا منبەج، کۆبانی و عەین عیسا ئاگادار کردبێتەوە تا ڕەزامەندی ئەنکەرە بۆ هەڵوەشانەوەی کردەوە سەربازییەکان ڕەزامەند بکەن.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: لە کۆبوونەوەی تاران خواستی ئێران بۆ ئاشتی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە بە پێی بیرۆکەی پتەوکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان، وەلاوەنانی ناکۆکییەکان و دەستپێکردنەوەی پلە بە پلەی پەیوەندییەکان ئاشکرا بووە بە تایبەت ئەوەی کە پێوەرەکان پیشان دەدات گڵۆپی سەوزی لە دیمەشقەوە بۆ ئەو هەوڵانە پێ گەیشتبێت، بابەتێک کە سەردانەکەی فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ تاران بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سێ شەممەی تاران جەختی لە سەر دەکاتەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی الاخباردا هاتووە: ڕووسیا لە گەڵ هاوتایانی سوریا و ئێران لە ڕاستیدا چەندین هەنگاویان بۆ پاشگەزبوونەوەی تورکیا لە کردەوە سەربازییەکانی هەڵگرتووە، وەک ناردنی هێزی پشتیوان بۆ هێڵی تەماس لە ڕیفی ڕققە و حەلەب، هەروەها مۆسکۆ لە ڕێکەوتنی سەرەتایی نێوان هەسەدە و سوپای سوریا بە مەبەستی جێگیرکردنی هێزی زیاتر لە سنورەکان پەلەی کرد و هاوکات هەوڵەکان بۆ ڕەزامەندی دەسەڵاتی خۆسەری بۆ پاشەکشەی تەواوی لە هێڵی سنوری و پێشنیاری زیاترکردنی گەشتە هاوبەشە مەیدانییەکان بەردەوامە. ڕووسیا بەمەش نەوەستاوەتەوە، بەڵکوو هەوڵی داوە بۆ دڵنیایی تورکیا پرۆسەی جێگیربوونی هێزەکانی سوپای سوریا و کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە ڕێگای m4 تەواو بکرێت لە پێناو جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی سووچی لە بەرانبەر داواکاری لە ئەنکەرە و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لە حەلەب. ڕووسیا پێی وایە لە زاڵبوونی سوپای سوریا بە سەر بەشێکی ڕێگای نێودەوڵەتی لە ڕیفی حەلەب تا ڕققە، هۆکاری دەستەبەرکردنی ڕێگرییە لە کردەوە سەربازییەکانی تورکیا لە باکوری سوریا و هەنگاوێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەم وڵاتە سەبارەت بە دەرکردنی تیرۆریستان و چەککردنی ئەوان لە ڕیفی ئیدلب و کردنەوەی ڕێگای حەلەب – لازقیە و حەلەب – حەما بە ڕووی خەڵکی سڤیل و کاروانە بازرگانییەکان./.