بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕۆژی سێ شەممە 19 ی تەمموزی 2022 گەیشتە تاران و لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا هەر دوو لا وێڕای تاوتوێکردنی دوایین دۆخی پەیوەندییەکانی نێوانیان کە لەم ماوەیەدا بەرەوپێشچوونی زۆری هەبووە، ڕەزامەندی خۆیان لە سەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئابوری، ئەمنی، وزە، بازرگانی و پیشەسازی دەربڕی و ئیرادەی خۆیان لە سەر بەردەوامی ئەم ڕێگایە و پتەوکردنی پیشاندا.
لە هەمان کاتدا هەر دوو لا وێڕای وەبیرهێنانەوەی سەرکەوتن و دەسکەوتە هاوبەشەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، جەختیان لە سەر پێویستی پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بواری ناوچەیی و نێودەوڵەتی کردەوە و ئیرادەی خۆیان بۆ پتەوکردنی ئاسایشی وڵاتانی سەربەخۆ لە ناوچەکە ڕاگەیاند.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لەو کۆبوونەوەدا وتی کە پاش کۆبوونەوەکانی مۆسکۆ و عیشق ئاباد ڕەوتی هاوکارییەکان بەرەو گەشەسەندن بووە و ئەم ڕەوتەش دەبێت بەردەوام بێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە مێژووی هاوکاری و دەسکەوتەکانی هەر دوو وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سوریا، ئەم هاوکارییەی بە بەستێنی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ناو برد و وتی: ئەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکە پڕوپاگەندەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا دەکرد، هیچ هەنگاوێکی کاریگەریان لەم بوارەدا نەبووە بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیا بە هاوکاری جیدی لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕاستگۆیی و ئیرادەی جیدی خۆیان لەم بوارەدا پیشاندا.
ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاش لەو کۆبوونەوەدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانیکردنی ئێران و ئەو میوانداری و پێشوازییەی ئێرانییەکان، هەواڵی زیاتربوونی هاوکارییەکانی هەر دوو وڵاتی لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت لە بواری ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ڕاگەیاند و وتی کە ئێران و ڕووسیا پشکی زۆر گەورەیان لە چارەسەرکردنی قەیرانی سوریادا هەیە./.