بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاری نەتەنز یەکێک لە شارە جوانەکانی پارێزگای ئەسفەهانە لە وڵاتی ئێران کە لە بەشی باکوری ئەم پارێزگایەدایە. شارەکە سێ جۆرە کەشوهەوای سارد، گەرم و مامناوەندی هەیە، بەشی ناوەڕاستی نەتەنز کەشوهەوایەکی باشتری هەیە و بۆ کشتووکاڵیش گونجاوترە و بەم هۆیەوە بە باخی شار ناوبانگی دەرکردووە، زۆربەی ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەم شارە بە تایبەت کاروانسەرای کوهابی نەتەنز لە باخی شاردان.
ئەم کاروانسەرایە بە ناوەکانی ڕوباتی کوهاب، قەڵای کوهاب، کاروانسەرای نەتەنز و کاروانسەرای ئەبولمەعالی دەناسرێت، کاروانسەرای کوهاب کەوتووەتە دووسایدی شەهید بەهەشتی و لە ساڵی 1976 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
مێژووی کاروانسەرای کوهاب
مێژووی ئەم کاروانسەرایە بۆ سەردەمی حکومەتی سەفەوییەکان و دەسەڵاتدارێتی شا عەباسی یەکەم دەگەڕێتەوە. ئەم بینایە لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی ئەبولمەعالی بەرزڕودی درووست کراوە و بەم هۆیەوە بە ناوی کاروانسەرای ئەبولمەعالی دەناسرێت.
ئەبولمەعالی لە میرەکانی نزیک لە شا عەباس بووە کە بە ئاغا میر ناسراوە، ناوبراو لە ڕاستیدا وەزیری زۆربەی کۆبوونەوەکانی شا عەباس بووە.
ئەم کاروانسەرایە تا سەردەمی پاڵەوی لە لایەن خەڵکەوە بە گشتی کەڵکی لێ وەردەگیرا، لە ساڵانی ڕابردوو دراوەتە کەرتی تایبەت و بووەتە شوێنێکی گەشتیاری، میوانخانە و بازاڕچەی پیشەسازی دەستی.
تایبەتمەندییەکانی کاروانسەرای کوهاب
ڕوبەری ئەم کاروانسەرایە 3962 مەتری چوارگۆشەیە و لە نێو باخێکدایە بە ناوی باخی حەرەم. لە بەرانبەر باخەکەدا کانیاوێکی گەورە هەیە. کاروانسەراکە 23 ژوور، چوار هۆڵ، حەوشەیەکی گەورە و دەروازەیەکی بە بەردەنووسێکەوە هەیە. دەروازەکەی بەرزییەکی زۆری هەیە و ساڵی درووستکردنی لە گەڵ ناوی ئەندازیارەکانی لێ نووسراوە.
دەرگایەکی تەختەی گەورە لە بەشی خوارەوەی دەروازەکەدا هەیە. لە چواردەوری دەرگاکەدا قادرەمە هەیە کە دەگاتە پشتەوەی کاروانسەراکە، لە نێو قادرمەکانیش شوێنی جێگیربوونی پاسەوانەکان هەیە.
لە بەشی پشتەوەی کاروانسەراکە چەندین ژوور دەبینرێت کە شوێنی مانەوەی پاسەوانەکان بووە.
لە بەشی باکوری کاروانسەرای کوهابی نەتەنز و لە هەر دوو بەشی دەروازەی سەرەکی، چەندین سەکۆ هەیە، ئەو دە سەکۆیەش لە کاتی قەرەباڵغیی کاروانسەرا و پڕبوونی ژوورەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرا.
پاش تێپەڕبوون بە دەروازەی کاروانسەرا، حەوشەکەی دەبینرێت. لە ناوەڕاستی حەوشەکە، حەوزێکی گەورە دەبینرێت کە درێژییەکەی 14 مەتر و پانتاییەکەشی 7 مەترە، لەم حەوزەش بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستی کاروانییەکان کەڵک وەرگیراوە.
لە چوار بەشی حەوشەکەی ئەم کاروانسەرایە، چەند شوێنی دیکە درووست کراوە کە بەردەوام کەڵکی لێ وەرگیراوە.
لە بەشی پێشەوەی کاروانسەرای کوهابی نەتەنز، چوار شوێنی تایبەت هەیە کە هەر یەک لەوان سەر بە کەسانی دەوڵەمەند و باڵادەستی سەردەمی سەفەوی بووە.
لە بەشی ناوەوەی کاروانسەراکەش بەردێکی گەورە هەیە کە لە ڕابردوودا بۆ وەرگرتنی زەیت کەڵکی لێ وەرگیراوە، لە ڕاستیدا ڕووناکی چراکانی کاروانسەراکە بە زەیت بووە.
لە ئێستادا شوێنی مانەوەش لەم کاروانسەرایە بۆ گەشتیاران دابین کراوە./.