بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بیلال خەلیفە وتی: هاوردەکردنی کارەبای عێراق لە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس لە ڕووی جێبەجێکردن و تەکنیکییەوە ڕوبەڕوی چەندین کێشە دەبێتەوە.
ناوبراو وتی: ئەو ڕێکەوتنەی کە لە نێوان عێراق و سعوودیە بە ئاگاداری و ڕۆڵی ئەمریکا واژۆ کرا، سێهەم ڕێکەوتن و گرێبەستی هاوشێوەیە، پێشتریش یادداشتێکی لێک تێگەیشتن لە گەڵ سعوودیە لە 25 ی کانوونی دووەمی 2022 واژۆ کرا و ساڵی 2020 ڕێکەوتنێکی دیکەش واژۆ کرا بەڵام هیچ یەک لەوان نەخرانە بواری جێبەجێکردنەوە و هەروەها ڕێکەوتنی هاوردەی کارەبای ئەردن و میسریش بۆ عێراق ئەنجامێکی نەبووە.
بە بۆچوونی دکتۆر خەلیفە، عێراقییەکان متمانەیان بە سعوودیە نییە و پێستریش وەها ڕێکەوتنێک هەبووە بەڵام ئەنجامی نەبووە و وڵاتانی عەرەبیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق جیدی نەبوون، ڕەنگە دواتریش ئەم ڕێکەوتنە دواییە بە هۆی لێدوانێکی بەرپرسێکی سیاسییەوە بە هەمان چارەنووسی ئەوانی پێشوودا ببرێت.
ناوبراو سەبارەت بە بەربەستە ئابوری و تەکنیکییەکانی ئەم ڕێکەوتنەش وتی: کورتهێنانی کارەبای عێراق نزیکەی 10 هەزار مێگا واتە، ڕێژەی کارەبای هاوردەکراوی ئەم ڕێکەوتنە دیار نییە و ڕێکەوتنە جێبەجێنەکراوەکانی پێشووش ڕێژەی 500 مێگا وات بووە و ئەمەش زۆر کەمە، ئەم ڕێکەوتنە لە گەڵ سعوودیە ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت تەنیا لە سەدا 2 ی کۆی گشتی پێویستی کارەبا لە عێراق چارەسەر دەکات کە زۆر کەمە.
ئەو شارەزایەکی بواری وزە وتی: بابەتێکی دیکە ئەوەیە کە عێراق لە گەڵ تێچووی زۆری تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا چی دەکات، بەم پارەیە دەتوانرێت چەندین وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبا درووست بکرێت کە پێداویستییە ناوخۆییەکانی عێراق چارەسەر بکات.
بیلال خەلیفە وتی: عێراق دەبێت تێچوویەکی زۆری هێڵەکانی گواستنەوە کارەبا بدات، هەروەها تێچووی هێزی پسپۆڕ و شارەزای ئەم بوارەش لە وڵاتانی وەک ئەردەنەوە دەبێت بدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێپەڕبوونی هێڵەکانی گواستنەوە بە ناوچە بیابانییەکان وایکردووە کە بەردەوام هەڕەشەی تیرۆریستانی داعشی لە سەر بێت، ئەگەر تێچووەکانی دیکەش هەژمار بکەین دەبینین کە جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی عێراقدا نییە.
وتیشی کە سعوودیە سەرچاوەیەکی دڵنیاکەرەوە بۆ کارەبای عێراق نییە، بە تایبەت ئەوەی کە خۆی لە شەڕدایە و یەمەنییەکان بەردەوام بە مووشەک هێرش دەکەنە سەر وێستگەکان و دامەزراوەکانی تایبەت بە وزە و کارەبای ئەم وڵاتە./.