بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەباس عەرداوی وتی: ڕێکەوتنی ئەم دواییەی عێراق و سعوودیە بۆ هاوردەکردنی کارەبا بابەتێکی نوێ نییە و لە سەردەمی هەر سەرۆک وەزیرانێکدا شتی وەها هەبووە و تا ئێستا دەیان شاند بۆ ڕێکەوتنی وەها چوونەتە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە.
ناوبراو وتی: پێویستی عێراقییەکان بە کارەبا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتە لە کاتێکدا کە وەبەرهێنانی کارەبای سعوودیە لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەیە و ئەمەش مەودایەکی دوورە و چەندین پێداویستیی وەک درووستکردنی وێستگەکانی گواستنەوە، هێڵی گواستنەوە و دابینکردنی ئاسایشی ڕێگای گواستنەوەی کارەبای دەوێت.
بە وتەی عەرداوی، هەم ڕۆژهەڵاتی سعوودیە لە سنورەکانی عێراق و هەم ڕۆژئاوای عێراق کە بڕیارە هێڵی گواستنەوەی تێدا تێپەڕ بێت، ناوچەیەکی بەربڵاوی بیابانییە کە نیشتەجێبوونی تێدا نییە و ئەمەش یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانی گواستنەوەی کارەبای سعوودیەیە بۆ عێراق.
ناوبراو ئەم ڕووداوەی بە هۆی گوشارە سیاسییەکانی ئەو وڵات و لایەنانەوە ناو برد کە نایانەوێت عێراق وەبەرهێنەری کارەبا بێت و بەردەوام دەبێت لە دەرەوە هاوردەی بکات./.