بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەحمود ئەلهاشمی وتی: پێشتر لە ساڵی 2019 ڕێکەوتنێک لە نێوان عێراق و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بۆ دامەزراندنی دوو هێڵی گواستنەوەی کارەبا بە درێژایی 300 کیلۆمەتر واژۆ کرا کە بەشێکی لە خاکی عێراق و بەشێکی دیکەی لە خاکی کوێتە و ئامانجەکەشی ئەوەیە کە 500 مێگاوات کارەبا بە عێراق بگەێنێت.
ناوبراو وتی: وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت بەشێکی زۆری ئەم پرۆژەیە جێبەجێ کراوە بەڵام پێکەوەبەستنەوەی کارەبا لە گەڵ سعوودیە لە عەڕعەڕ تا یوسفیە بە توانای هەزار مێگاوات نزیکەی 435 کیلۆمەترە کە سەرەڕای ڕێکەوتنەکانی پێشوو هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی ” الاتحاد ” ی عێراق وتی: ئەم هێڵە چەندین کێشەی وەک مەودایەکی دوور، تێپەڕبوون بە ناوچە بیابانییەکان و هەروەها کێشە و هۆشدارییە ئەمنییەکانی هەیە.
ئەلهاشمی وتی: سعوودیە ئەم هێڵەی گواستنەوەی کارەبا وەک بەشێک لە سەرمایەگوزارییەکانی ئاسۆی گەشەی 2030 خۆی دەزانێت.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە وتی: بە کردەوە، پرۆسەی پێکەوەبەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە سعوودیە سوودێکی نییە لە بەر ئەوەی کە پێویستی عێراق زیاتر لە 35 هەزار مێگاواتە و ئەم 500 مێگاواتە هیچ چارەسەری کێشەکەی بۆ ناکات، ڕێژەی دانیشتووانی عێراق زیاتریش دەبێت و پێویستی کارەباشی زیاتر دەبێت، کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەم کارەبایە تەنیا بۆ بەکارهێنانی ڕووناکیی ماڵانە و نادرێتە کارگە و پیشەسازییەکان لە بەر ئەوەی کە ئەم پیشەسازییانە لە لایەن داگیرکارانەوە ڕووخاون.
مەحمود ئەلهاشمی سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەم پرۆژەیەش وتی: گومان لەوەدا نییە کە ئامانج لە پێکەوەبەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس سیاسییە و بۆ دوورخستنەوەی عێراقە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک چۆن بە بیانووی گەمارۆکانەوە بەردەوام گوشاریان خستووەتە سەر عێراق کە پارەی قەرزەکانی ئێران دوابکەوێت.
وتیشی کە سعوودیە بە تایبەت لە ناوچەکانی باشوری خۆی کێشەی کارەبای هەیە و نرخی کارەباکەشی زۆر لە سەرەوەیە./.