شەماڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی:سەردانە بەرنامەبۆداڕێژراو و کتوپڕەکانی سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا بە درێژایی مێژوو بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووداو و گۆڕانکاریی بەدواوە بووە، ئەمریکا وەک لانکەی بەرژوەندیخوازی و هەناوی دەستبردن بۆ ئەوپەڕی ئاستی ململانێ هەروا بووە کە لە کاتی مەترسی لە سەر بەرژەوەندی و هاوپەیانەکانیدا بە دوای بژاردەکاندا گەڕاوە بۆ ئەوەی هەژموونی جیهانیی لەکەدار نەبێت.
ناوبراو وتی: لە ئاستی نێودەوڵەتی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەرییە کتوپڕ و دوورمەوداکانی لە سەر ئاسایشی خۆراک و وزە بە پلەی یەکەم و بە پلەی دووەمیش لە سەر چەمکەکانی ئارامی و ئاسایشی نێودەوڵەتی تا دێت قووڵتر و توندتر دەبێت، گەڕان بە دوای بژاردە بۆ هەر دوو بابەتی خۆراک و وزە، هەروەها دەستپێشخەری و هەماهەنگی ناتۆی عەرەبی کە ساڵانێکە وڵاتانی سعوودیە، میسر، ئیمارات، ئەردەن و بەم دواییانەش عێراقی پێوە سەرقاڵ کراوە، لە گرنگترین کارەکانی ئیدارەی ئەمریکا دەبێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتی کە سیاسەتی ئەمریکا بەستنەوەی چارەنووسی گەلانی ناوچەکەیە بە کۆمەڵە ڕێکەوتن و هاوپەیمانییەک کە ئەوسەری لە گەلانی ئەم ناوچەشەوە دیار نییە، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی وەک فەڵەستین و یەمەنیش لە ڕیزی بابەتە گرنگەکانی سەردانەکەی بایدن بووە، کۆی ئەم کێشانە و ئەزموونی ڕابردوو پێمان دەڵێت کە بە سەردانێک یان دوو و سێ سەردانی سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا چارەسەر ناکرێت، ئەگەر قووڵتریش نەکرێنەوە.
وتووێژ: کامەران کەریم