شوان ڕابەر لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: سەردانەکەی بایدن چەندین پەیامی هەیە، بۆ نموونە دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی ئەمریکا و خەمخۆریی بایدن بۆ ڕژێمی زایۆیستی، یان ئامۆژگاریی هەندێک وڵات کە بە پێی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەڵسووکەوت بکەن.
ناوبراو وتی: بایدن بەم سەردانەی ویستی گەیاندنی ئەو پەیامەی هەبوو کە بڵێت ئەمریکا بەرژەوەندی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە و وەک هاوپەیمان پاڵپشتی و بەرگری لەوان دەکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان وتی: پەیامێکی دیکەی سەردانەکەی بایدن بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕژێمی زایۆنیستی دەگەڕێتەوە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا پەیامی ئەوەی گەیاندووە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لە تەل ئەبیب دەکات و نابێت ئێران هەڕەشەی لێ بکات، هەروەها ئەوەشی بە وڵاتانی عەرەبی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئەمریکا نەبێت ئەوان دەدۆڕێن.
شوان ڕابەر سەبارەت بە هەوڵی پێکهێنانی ناتۆی عەرەبیش وتی: هەوڵێکی لەو شێوەیە هەیە بەڵام سەر ناگرێت و لێکەوتەی خەراپی دەبێت، وڵاتانی عەرەبی لە بەرەیەکدا نین، هەندێک لەوان بەرژەوەندییان لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیە، هەندێکی دیکە بە لای ڕۆژهەڵات و ڕووسیا و چیندان و هەندێکی دیکەش بەرگری لە ئێران دەکەن، هەر بۆیە هەوڵی لەو شێوەیە زەحمەتە سەر بگرێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد