بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە کە جومعە عەواد ئیبراهیم بەدری ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی کە ئێستا بە ئەبولحەسەن هاشمی قورەیشی دەناسرێت و برای ئەبوبەکر بەغدادییە، وەک سەرکردەی نوێی داعش دەستنیشان کراوە و پێشتریش سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی ئەو گرووپە تیرۆریستییە بووە.
پاش کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی لە 26 ی تشرینی یەکەمی 2019 کە لە ساڵی 2010 تا ئەو کاتە سەرکردایەتی داعشی کە ئەستۆ بووە، ئەبو ئیبراهیم قورەیشی برای ئەبوبەکر وەک سەرکردەی نوێی ئەو گرووپە تیرۆریستییە دەستنیشان کرا و پاش چەندین مانگ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بانگەشەی ئەوەیکرد کە لە هێرشێکی شەوانەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کوژراوە.
لە ساڵی 2019 و پاش کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی، داعش سێهەمین سەرکردەی خۆی دەستنیشان دەکات و دەبێت بزانین کە ئەو گرووپە تیرۆریستییە پاش بۆشاییەکی نزیک 5 مانگەی سەرکردایەتی، بە دەستنیشانکردنی ئەبولحەسەن هاشمی قورەیشی چ ڕاسپاردەیەکی لە ناوچەکە و جیهان بۆ خۆی داڕشتووە؟
ڕیاز حەداد باڵیۆزی سوریا لە مۆسکۆ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تورکیا تیرۆریستانی داعش و بەرەی نوسرەیان بۆ شەڕی دژ بە ڕووسیا بردووەتە ئۆکرانیا.
پاشماوەکانی داعش سەرەڕای شکستەکەی ساڵی 2017 ی ئەو گرووپە، بەردەوام لە چەندین ناوچەی پارێزگاکانی باکور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی عێراق و هەروەها لە چەندین بەشی سوریا بوونیان هەیە و لەو ناوچانەش کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و هۆکاری ئاڵۆزی و ناسەقامگیرین. ئەڵبەت لە سوریا داعش زیاتر لەو ناوچانەیە کە لە کۆنتڕۆڵی ئەمریکییەکاندایە.
سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق لە چەند مانگی ڕابردوو بەردەوام شەڕ و پێکدادانیان لە گەڵ شانە نوستووەکانی داعش هەبووە هەندێک کاتیش کەوتوونەتە بۆسەی ئەو تیرۆریستانە.
شرۆڤەکاران و هەندێک سەرچاوەی ئەمنی لە عێراق لەو بڕوایەدان کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە ئێستادا زیاترین هەوڵیان بۆ پاراستنی پێکهاتە و ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش هەیە.
دەستنیشانکردنی سەرکردەی نوێی داعش لە کاتێکدایە کە یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە 5 تیرۆریستی مەترسیداری داعش بە تایبەت ئەبوعەلی بەغدادی لە سەرکردە ناسراوەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە دەستبەسەر کراون.
پێشتریش هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە درێژەی هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش، چەندین تیرۆریستی داعشیان لە پارێزگاکانی باکور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە و هەروەها دوو سەرکردەی ناسراو و باڵای ئەو گرووپە تیرۆریستییەیان دەستبەسەر کردبوو./.