بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی ئەمریکی ئەلمۆنیتۆر لە شرۆڤەی سەردانەکەی ئەم دواییەی عەلی باقی کەنی دانوستانکاری باڵای ناوەکیی ئێران بۆ عۆمان ڕایگەیاند کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەو شرۆڤەیەدا هاتووە کە عەلی باقری دانوستانکاری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەسقەت لە گەڵ سەید بەدر بن حەمەد بن حەمود بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان کۆبووە. دیپلۆماتکارەکەی ئێران بە ئاماژە بە متمانەی بەرامبەر و مێژوویی هەر دوو وڵات وتی کە تاران و مەسقەت جەخت لە سەر پتەوکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان بۆ باشترکردنی سەقامگیری ناوچەکە دەکەنەوە.
هاوکارییەکانی عۆمان لە گەڵ ئێران لە ناوچەکە
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، پێش ئەم سەردانە میدیاکانی ئێران سەبارەت بە نێوەندگێڕیی عۆمان لە نێوان ئێران و ئەمریکا و دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەوان لە سەر زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی چەندین هەواڵ و ڕاپۆرتیان بڵاو کردەوە. لە ساڵی 2013 نێوەندگێڕیی عۆمان بوو کە سەهۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتنی تواندەوە، هەنگاوێک کە دەرگای بە ڕووی دانوستانی چەندقۆڵیدا کردەوە و گەیشتە ڕێکەوتنی ناوەکیی لە ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و لایەنەکانی دیکە.
ئەم پێگەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ یەکێک لە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسییە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی گەورەتر بە ناوی پووچەڵکردنەوەی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا. سەرەڕای ئەمەش، ڕەئیسی بەردەوام پاڵپشتی لە چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی دەکات بە مەرجێک بتوانێت بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئێران مسۆگەر بکات.
تەنیا یەک ڕۆژ پێش سەردانەکەی باقری کەنی بۆ عۆمان، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر لە ئێران بوو، لە بەر ئەوەی کە دەوحە هەوڵی پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەدات. هەفتەی پێشتریشی، قەتەر میوانداریی لە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگێڕی یەکێتی ئەورووپا کرد، ئەگەرچی لایەنی ئەمریکی ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی دانوستانەکان بێ هیوا بووە.
هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و میسر
سەردانەکەی عەلی باقری لە کاتێکدا بوو کە میدیا عەرەبییەکان ڕایانگەیاند عۆمان نێوەندگێڕی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و میسر بووە. قاهیرە و تاران لە سەردەمی شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 ی ێران و میوانداریی ئەنوەر سادات سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی میسر لە شای هەڵهاتووی ئێران، هێندە پەیوەندییان پێکەوە نەبووە.
ئەلمۆنیتۆر لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە بێ ئاماژە بە عۆمان یان هەر نێوەندگێڕێکی دیکە، ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە هەوڵێک بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و میسر لە ئارادایە تا بۆ حاڵەتی ئاسایی بگەڕێتەوە و وەها بەرەوپێشچوونێک لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵاتدا دەبێت./.