بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارتی “المجتمع الوطنی ” لە پارتە نەیارەکانی حکومەتی سعوودیە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی بە ناوی ” مانع بن حەمەد مەهزەل یامی ” لە هەلومەرجێکی گوماناوی لە لوبنان تیرۆر کراوە.
لە لایەکی دیکەوە هێزی ئاسایشی ناوخۆیی لوبنان ڕایگەیاندووە کە هاووڵاتییەکی سعوودی تەمەن 42 ساڵە لە شەڕی بنەماڵەیی لە لایەن دوو برایەوە بە چەقۆ کوژراوە، دوو براکە دەستبەسەر کراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
ئەو پارتە بەرپرسانی سعوودیەی بەوە تۆمەتبار کردووە کە گیانی خەڵکی ئەم وڵاتەی خستووەتە مەترسییەوە و بە هۆی بۆچوونە سیاسییەکانەوە ناچارن وڵاتی خۆیان بە جێ بێڵن و ڕوو لە وڵاتانی دیکە بکەن.
پارتی “المجتمع الوطنی ” یەکەم جوڵانەوەی سیاسیی ڕێکخراوە لە دژی دەسەڵاتدارانی سعوودیە و لە لایەن گرووپێک لە سعوودییەکانی دەرەوەی وڵات لە نەوەدەمین ساڵیادی دامەزرانی پاشایەتی سعوودیە کارەکانی ڕاگەیاند، لە یەکەم بەیاننامەشدا ڕایگەیاند کە ئامانجی گەڕانەوەی دیمۆکراسییە بۆ وڵاتی سعوودیە./.