بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە 6 ی تەمموزی 2022 ناوی 2 کەس، 13 کۆمپانیا و 2 کەشتی نەوتهەڵگری خستە ڕیزی سزا و گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە تۆڕێک لە کەس و کۆمپانیاکان لە خۆ دەگرێت کە کەڵکیان لە ناوی کۆمپانیاکان بۆ ئاسانکاری لە گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەکانی پترۆکیمیای ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەرگرتووە.
ژائۆ لیجیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سەر سزاکانی ئەمجارەی ئەمریکا، وتی: چین بەردەوام دژی بڕیار و گەمارۆدانی تاکلایانەی ئەمریکا بووە و داواش لەو وڵاتە دەکەین واز لەم سیاسەتە هەڵەیە بێنێت و لە دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت.
ناوبراو هاوکارییەکانی چین و ئێرانی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو برد داوایکرد کە ڕێز لەم پەیوەندییانە بگیرێت و وتی: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت چین لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان هاوکارییەکی نۆرماڵیان لە گەڵ ئێران هەبووە، ئەم هاوکارییانە ئاسایی و یاساییە و زیانی بە هیچ لایەنێکی سێهەم نەگەیاندووە و دەبێت ڕێزی لێ بگیردرێت./.