دکتۆر دانیال سادی حامید، مامۆستای زانکۆ و پزیشکی دەروونی، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە زۆربوونی ڕێژەی تاوان لە کۆمەڵگای کوردستان، وتی: لەوەتەی مرۆڤ هەبووە و هەتا کۆتایی مرۆڤایەتیش تاوانی کوشتن هەر هەبووە و هەر دەمێنێتەوە، بەڵام زۆربوونی تاوان لەم دواییانە چەند هۆکارێکی هەیە، هەندێکی بۆ کاریگەری ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە، هەندێکی بووەتە چاولێکەری و هەندێکیشی پەیوەستە بە کەمبوونەوەی قەناعەت و زۆربوونی چاوچنۆکی مرۆڤەکان، هەروەها ڕێگریش لە ئەنجامدانی تاوان ناکرێت و سزای پێویستی کەسی تاوانباریش نادرێت، لە لایەکی دیکەوە دەکرێت باس لە کاریگەری ژینگە و کەشوهەوا بکەین.
ناوبراو وتی: چارەسەری پێویست یان دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی تاوان بریتییە لەوەی کە دەبێت سەرەتا ڕێگرییەکی بەهێز لە ئەنجامدانی تاوان بکرێت، دەبێت تاوانبار هەست بەوە بکات کە لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوان ئاسوودە نابێت بە سەختی تۆڵەی لێدەکرێتەوە، لە ڕووی ڕۆشنبیریشەوە دەبێت لە کۆمەڵگادا هەنگاوی باش هەڵبگیرێت، ڕێکخستنەوەی کاری ڕاگەیاندنەکانیش ڕێگایەکی دیکەیە.
دکتۆر دانیال لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر پەلە نەکرێت لە گرتنەبەری ئەو ڕێکارانەی کە باس کران، لە داهاتوودا کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر کۆمەڵگا زیاتر دەبێت و ڕێژەی تاوان ڕوو لە زیادبوون دەکات و ڕەنگە بچووکترین کێشە، گەورەترین تاوانی لێبکەوێتەوە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد