بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاریا جەنابی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە لە ئێران سەبارەت بە پەیوەندیی ئەم نەخۆشییە لە گەڵ بەرزی پەستانی خوێن، وتی: بەرزی پەستانی خوێن دەتوانێت یەکێک لە نیشانەکانی نەخۆشییەکانی گورچیلە بێت و لە لایەکی دیکەوە ئەوانەش کە تووشی بەرزیی پەستانی خوێن بوون دەکرێت دواتر تووشی نەخۆشییەکانی گورچیلەش بن، کە واتە ئەم دوو نەخۆشییە پەیوەندی و کاریگەرییان پێکەوە هەیە.
ناوبراو وتی کە ئەم دوو نەخۆشییە نیشانەیەکی ئەوتۆیان نییە کە نەخۆش هەستی پێبکات، بەم هۆیەوە ئەوانەی تووشی بەرزیی پەستانی خوێنن، دەبێت بەردەوام ڕێژەکەی کۆنتڕۆڵ بکەن و ئەوانەش کە نەخۆشییەکانی گورچیلەیان هەیە دەبێت ماوە ماوە کۆنتڕۆڵی دۆخی تەندرووستی گورچیلەکانیان بکەن.
جەنابی وتی: لە هەر 7 کەس یەکێک تووشی نەخۆشییەکانی گورچیلەیە و لە سەدا 25 ی دانیشتووانی ئێرانی بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە، ئەم دوو نەخۆشییە پەرەیان سەندووە و ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێن کاریگەری زۆر جیدییان لە سەر نەخۆشەکە دەبێت.
ئەو پزیشکە ئێرانییە بە ئاماژە بەوەی کە لە هەر 4 کەس یەک کەس تووشی نەخۆشیی پەستانی خوێنە، وتی: پەستانی خوێنی منداڵانیش دەبێت هەموو ساڵێک یەک جار کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەڵام کەسانی بە تەمەن لە 22 ساڵییەوە دەبێت بەردەوام ڕێژەی بەرزیی پەستانی خوێنی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن. پەستانی خوێن نیشانەیەکی نییە و بە دەگمەن لێی ئاگادار دەبین.
وتیشی کە پەستانی خوێنی ئەو کەسانەش کە تووشی نەخۆشییەکانی گورچیلە یان سەرئێشەن، دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەگەر کەسەکە پەستانی خوێنی بەرز یان میکرۆئالبۆمینی نەبێت و کراتین و پشکنینی گورچیلەکانی باش بێت، کێشەی نابێت، لە بەر ئەوەی کە پێویستە بزانین چالاکیی گورچیلەکان کێشەی تێدا نییە.
ئاریا جەنابی وتی: لە نەخۆشەکانی گورچیلەدا ڕەنگە میکرۆئالبۆمین لە پشکنینی مێزدا دیار نەبێت، هەر بۆیە ئەم نەخۆشانە دەبێت پشکنینی ئالبۆمین بدەن تا دڵنیا بین شەکرە کاریگەریی لە سەر گورچیلەکان نەبووە.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: یەکێک لە ڕێکارەکانی ڕێگری لە نەخۆشییەکانی گورچیلە، کۆنتڕۆڵکردنی بەردەوامی پەستانی خوێنە، دەبێت شێوازێکی گونجاوی ژیان و چالاکی وەرزشی بەردەوام – 20 تا 30 خولەک لە ڕۆژ و 150 خولەک لە هەفتەدا – هەبێت، واز لە خواردنی هەڕەمەکی دەرمانەکان بێنین، بە تایبەت ئەو دەرمانانەی کە سەردانی پزیشک نەکراوە، خواردنی خوێ کەم بکەینەوە و لە بەرامبەر شیرەمەنییەکانی کەم چەوری، جۆرەکانی میوە و سەوزە زیاتر بخۆین، واز لە جگەرەش بێنین و خۆمان لە سترێس و دڵەڕاوکێ بە دوور بگرین./.