بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئەردەن هەر هاوپەیمانییەکی سەربازیی ڕەتکردەوە کە ڕژێمی زایۆنیستی بەشێک لەو هاوپەیمانییە بێت و وتی کە ئەم بابەتە لە بەرنامەی سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەکە نییە.
ناوبراو وتی کە پرۆژەیەک لەم شێوەیە بۆ پێکهێنانی ناتۆی عەرەبی بە بەشداری ڕژێمی زایۆنیستی بوونی نییە.
سەفدی لە درێژەدا جەختی لە سەر گرنگیی دۆسیەی فەڵەستین، سوریا و ئاسایشی وڵاتانی کەنداوی فارس کردەوە و وتی کە داوای میکانیزمێک دەکەین کە ئاسایشمان لە ڕێگای وتووێژ و چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ ئاسایشی وزە و خۆراک دابین بکات، چەندین کێشە هەیە کە بۆ پێکەوەکارکردن هانمان دەدات و لە گەڵ ئەمریکاش لە سەر ئەو کێشانە وتووێژ دەکەین.
ناوبراو وتی: سەرجەم وڵاتانی عەرەبی داوای پەیوەندییەکی باشتر لە گەڵ ئێران دەکەن و بۆ ئەوەی بگەینە ئەم قۆناغە، دەبێت بە وتووێژ، سەرجەم ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی ئاڵۆزی، چارەسەر بکرێن./.