بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ پێنج شەممە 23 ی حوزەیران، لایەنە سیاسییەکانی پەرلەمانی لوبنان، ڕاوێژی خۆیان بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە دەستپێکرد.
ڕاوێژی پەرلەمانی لوبنان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران بەم شێوازەیە کە ئەندامانی پەرلەمان لە کاتی دیاریکراوی پێشوەختەدا، بەرە بەرە لە گەڵ میشل عون سەرۆک کۆمار کۆدەبنەوە.
پێگەی النشرەی لوبنان ڕایگەیاند کە لە پاش ئەم ڕاوێژانەش، نەجیب میقاتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەم وڵاتە ڕاسپێردراوە. ناوبراو 54 دەنگی بە دەست هێنا و نەواف سەلام 25 دەنگ، سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشووتر یەک دەنگ و ڕوعە حەلاب یەک دەنگی بە دەست هێنا. 46 کەسیش دەنگیان بە هیچ کاندیدێک نەدا.
سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراو دەبێت حەفتا و هەشتەمین حکومەتی مێژووی لوبنان و پێنجەم حکومەتی سەردەمی سەرۆکایەتی کۆماری میشل عون پێک بێنێت. عون 31 ی تشرینی یەکەمی 2016 وەک سەرۆک کۆماری لوبنان هەڵبژێردرا. تا ئێستا چوار حکومەت لە سەردەمی سەرۆکایەتی ناوبراودا پێکهێنراوە کە سەرۆک وەزیرانەکانی دوو خول سەعد حەریری، حەسان دەیاب و نەجیب میقاتی بوون./.