بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەیدەر لامی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق بە هۆی لێدوانەکانی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، داوای دەرکردنی باڵیۆز و داخستنی باڵیۆزی ئەم وڵاتەی لە بەغدا کرد.
ناوبراو وتی: هێزی دێڵتا کە پلانی تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا داڕشت، لە باڵیۆزخانەی ئەمریکادا جێگیر بوو و کەسانی سیاسی و ئەمنی عێراقیی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی خۆی بە کرێ گرتبوو.
حەیدەر لامی وتی: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شوێنێکی دیپلۆماسی بووەتە شوێنی دوژمنی و پیلانگێڕی و دەبێت بە هۆی تیرۆری شەهیدانی خۆڕاگری، دابخرێت و باڵیۆزی ئەمریکا دەربکرێت، ئەم باڵیۆزخانەیە بووەتە بنکەیەک بۆ دژایەتکردنی گەلانی ناوچەکە.
ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی کە ئەمریکا درێژە بە سیاسەتی دەسدرێژی و پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق دەدات و پێویستە ئەوانەش بە هاوکاریکردنی ئەمریکا خیانەت لە عێراق دەکەن، دادگایی بکرێن./.