بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی هەینی 17 ی حوزەیران، لە وتوویژی تەلەفوونی لە گەڵ بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان، جەختی لە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان هەر دوو وڵات کردەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەردانەکەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ عۆمان بە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ناو برد و وتی کە ئێران ڕۆڵی عۆمان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەرز دەنرخێنێت و ستایشی هەوڵەکانی ئەم وڵاتە لە جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری و هاوکاری لە ناوچەکە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەکە کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێت، وتی: بەرپرسانی ناوچەکە نابێت موڵەتی ئەوە بدەن بێگانەکان کاریگەری لە سەر هاوکاری و سەقامگیری ناوچەکە دابنێن، ئێمە جەخت لە سەر وتووێژی ناوچەیی دەکەینەوە و لەو بڕوایەداین کە وڵاتانی ناوچەکەن کە دەتوانن لە سەر چارەنووسی بڕیار بدەن.
وەزیری دەرەوەی عۆمانیش لەو وتووێژەدا جەختیکردەوە کە وڵاتەکەی دڵنیایی لە تێڕوانین و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیە./.