بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی کەتائیبی حزبوڵڵا لە دژی هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق هاتە دەنگ و بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئەم وڵاتە ناوی برد.
لە بەیاننامەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵادا هاتووە کە دەسدرێژییە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، نەک تەنیا پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە، بەڵکوو ئیهانەکردن و سووکایەتییە بە گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە.
حزبوڵڵا ڕایگەیاندووە کە حکومەتی عێراق بەدەر لە بێدەنگی، کارێکی دیکەی کە بەرامبەر ئەم دەسدرێژییەی تورکیا نییە و هاودەستیی لە گەڵ هەندێک لایەنی سیاسی وایکردووە کە تورکیا مافی هێرش و دەسدرێژی بۆ سەر خاکی عێراق بە خۆی بدات.
لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژە بە تاوانەکانی تورکیا لە دژی خەڵکی سڤیل، هاتووە کە ئەنکەرە عێراقی لە مافی ئاویی خۆی لە ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات بێبەش کردووە و بنەمای دراوسێبوون و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و سەروەری ئەم وڵاتە لە بەرچاو ناگرێت.
حزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاندووە کە بە تەنیا هاوکێشەکانی ئەمنی، ئابوری و بازرگانییە کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە عێراق دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم وڵاتە پێداچوونەوە بە سەر سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆیدا بکات.
بزوتنەوەی کەتائیبی حزبوڵڵا لە کۆتاییدا جەختیکردووەتەوە کە گەل و خۆڕاگریی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسدرێژییەکانی تورکیا و پاککردنەوەی خاکی خۆیان لە داگیرکاریی تورکیا لەوپەڕی ئامادەییدان، تورکیا دەبێت وانە لە داگیرکاریی ئەمریکا وەربگرێت کە چۆن خۆڕاگری ئیسلامی، شکست و کشانەوەی سەرشۆڕانەی بە سەر ئەمریکییەکاندا سەپاند./.