بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە ڕۆژی شەممە 11 ی حوزەیران بە سەردانێک گەیشتنە هەولێر و لە گەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
بارزانی لە گەڵ حەلبوسی و خەنجەر سەبارەت بە ڕێگاچارەی کێشەکانی ئێستای عێراق و کۆسپ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق وتووێژی کرد.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش لە سەڵاحەدین پێشوازیی لە محەممەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر کرد.
حەلبوسی و خەنجەر بۆ سەردانی هەولێریان کرد؟
عەلی فەیلی ئەندامی پارتی دیمۆکراتی کوردستان سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکەی ئەو دوو سەرکردە سوننەیە بۆ هەولێر، وتی کە سەردانەکە بۆ دوایین گۆڕانکاری لە دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی لە پێناو چارەسەرکردنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی عێراق بووە.
ناوبراو وتی کە دەستپێشخەرییەکەی بارزانی ڕەزامەندی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکانی بە دواوە دەبێت.
بە وتەی فەیلی، پرۆژەکەی بارزانی لە گەڵ ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی باس کراوە و چەندین کۆبوونەوەشی لە سەر بەڕێوەچووە.
فەیلی وتی کە بڕیار بوو ئەم پرۆژە ڕۆژی شەممە ڕابگەێندرێت بەڵام گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دواییە، دەست لە کار کێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە ڕەوتی سەدر و داوای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەردانیکردنی شاندێک بە سەرۆکایەتی هادی عامری بۆ هەولێر و کۆبوونەوەیان لە گەڵ مەسعود بارزانی، بووە هۆی ئەوەی کە ڕاگەیاندنەکەی دوابکەوێت.
ڕاشیگەیاند کە موقتەدا سەدر باسی ئەوەیکردووە کە یان واز لە پرۆسەی سیاسی دێنێت و یان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و لایەنەکانی دیکەی هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمانی بۆ هەر بڕیارێک سەرپشک کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەندامێکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە سەرکردە سوننەکان لە سەردانەکەیان بۆ هەولێر جەختیان لە سەر هاوپەیمانی خۆیان لە گەڵ سەدر کردووەتەوە.
هەروەها میدیاکان لە سەر زاری ئەندامێکی دیکەی پارتییەوە ڕایانگەیاندووە ئەو دەستپێشخەرییەی بارزانی جێی ڕەزامەندی سەدر نەبووە و بەم هۆیەوە دواکەوتووە.
لە سەر بەردەوامی ڕەوشی ئێستای عێراق هۆشداری دەدرێت
ماجد شەنگالی نوێنەری پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە تویتێکدا هۆشداریی لە سەر بەردەوامبوونی ئەم ڕەوشە ناوخۆییەی عێراق دا و وتی: سەرەڕای ئەوەی کە بە ڕواڵەت هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی عێراق ئاسانە لە بەر ئەوەی کە پێویستی بە زۆرینەی ڕەها نییە بەڵام لە ڕاستیدا ئەستەمە لە بەر ئەوەی کە کێشە و قەیرانە سیاسییەکانی عێراق زیاتر دەکات.
ناوبراو وتی کە لایەنە سیاسییەکان ناچارن بەوەی بە پێی دەستوور کاروباری سیاسی لە مانگی تەمموز بەرەو پێش ببەن و بە پێچەوانەی ئەمەش دۆخەکە دەگاتە قۆناغێک کە لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نابێت.
نمایشە نوێکەی ڕەوتی سەدر
سەید موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر پێنج شەممەی رابردوو داوای لە هەر 73 ئەندامەکەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق کرد کە نامەی دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان ئامادە بکەن، ئەمەش عێراق دەخاتە بەردەم پێشهاتێکی نوێ بە ناوی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان و بە وتەی شارەزایانی کاروباری عێراق ئەگەری ئەوەش هەیە ئەم قەیرانە سیاسییە کاریگەری لە سەر ڕەوشی ئەمنیش دابنێت.
سەدر لە لێدوانێکدا جارێکی دیکە دژایەتی خۆیی بۆ حکومەتی تەوافوقی و پشک پشکینەی لایەنە سیاسییەکان دەربڕی و وتی: چاکسازی لە دۆخی ئێستای عێراق تەنیا لە ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانییەوە دەکرێت و ئێمە مانەوەمان وەک ئۆپۆزسیۆن بە گرنگتر لەوە دەزانین بەشداری لە حکومەتێکی پشکخوازیدا بکەین.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، لە وەڵامی داواکەی سەرۆکی ئەو ڕەوتە، نامەی دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان لە حەنانە ڕادەستی ناوبراو کرد، ئەمەش بە وتەی چاودێرانی سیاسی، گۆڕانکارییەکی جیدییە لە نزیکبوونەوە بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، لە ئەگەری شکستی دوایین هەوڵ و دەستپێشخەری.
کاردانەوەی لایەنە سیاسییەکان
هیچ لایەنێکی سیاسی بەدەر لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ کاردانەوەی لە بەرامبەر داواکەی سەدر بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان نەبوو. سروە عەبدولواحید ڕایگەیاند کە دەست لە کار کێشانەوە لە پەرلەمانی ئێستا ڕەنگە باشترین ڕێکاری بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی بەردەوامی دەستوور و پابەندنەبوون بە ماوە دەستوورییەکانە، ئێمە ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ پاڵپشتی لە داواکەی سەدر دەکەین و داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی دووبارەی هەڵبژاردنەکان دەکەین.
ئامانجەکەی سەدر
ئەحمەد حەمدانی شارەزا لە بواری یاسایی لە عێراق وتی کە داواکەی سەدر بۆ دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی ڕەوتەکەی لە پەرلەمان، هیچ بایەخێکی یاسایی نییە، بە تایبەت ئەوەی کە پەرلەمان چووەتە پشووی یەک مانگەی خۆیەوە.
ناوبراو وتی کە هەنگاوەکەی سەدر بایەخێکی نابێت و پێویستی بە بڕیاری لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەبێت.
حەمدانی وتی: کاردانەوە سیاسییەکانی ئەم هەنگاوە گرنگرە، لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە دەست لە کار کێشانەوەی ئەوان بگاتە بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی جەماوری و جووڵاندنی شەقام لە پێناو گەیشتن بە داواکارییە سیاسییەکان بە تایبەت لە بەغدا، باشور و ناوەڕاستی عێراق.
دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی ڕەوتی سەدر لە ئێستادا مسۆگەر نابێت
عائد هەلالی لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هەڕەشەی دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، وتی: ئەمە بژاردەی سەدرە بەڵام یارمەتیدەری چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستای عێراق نییە و تەنیا کێشە و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی زیاتر دەکات.
ناوبراو وتی کە دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی ڕەوتی سەدر لە ئێستادا مسۆگەر نابێت لە بەر ئەوەی کە پەرلەمان لە پشوودایە و قبووڵکردنی دەست لە کار کێشانەوەی ئەوان پێویستی بە بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی پەرلەمان هەیە.
هیچ نیشانەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی عێراق نییە
ئەحمەد شەریفی شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی عێراق وتی: سەرجەم ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی لانیکەم تا ماوەی یەک ساڵی دیکە درێژە بە کارەکانی دەدات و پاشان وڵات بەرەو هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڕوات و ڕەنگە پەسەندکردنی یاسای ئاسایشی خۆراک سەرەتایەک بۆ ئەمە بێت، لە بەر ئەوەی کە هیچ ئاماژەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی لە ئێستا و داهاتوودا نابینرێت.
قەیرانی سیاسی عێراق لە پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم وڵاتە لە 10 ی تشرینی یەکەمی 2021 دەستیپێکردووە و تا ئێستا هەوڵ و دەستپێشخەرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ لێک نزیککردنەوەی هەر دوو لایەنی هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمان (ڕەوتی سەدر، پارتی و سوننەکان) و چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان + یەکێتی و لایەنەکانی دیکە ئەنجامێکی نەبووە. سەدر پێداگری لە سەر درووشمی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکات و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایانگەیاندووە حکومەتی تەوافوقی بۆ ئێستای عێراق گونجاوترە./.