بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فاتیح بیرۆڵ وتی کە بە هۆی هەلومەرجی تایبەت بە خستنەڕووی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، ئەورووپا ڕوبەڕوی کێشەی جیدی بۆ جۆرەکانی سووتەمەنی لە وەرزی هاوین بووەتەوە و لە ئێستادا بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بەرزترین ئاستدا درێژەی هەیە.
بیرۆڵ وتی: بە دەستپێکردنی وەرزی هاوین لە ئەورووپا و ئەمریکا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا، خواست لە سەر سووتەمەنی زیاتر دەبێت و پاشان ڕەنگە کێشەی هەبوونی گازۆئیل، بەنزین و نەوتی سپی بە تایبەت لە ئەورووپا ڕوو بدات.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆشداریی دا کە بازاڕەکانی نەوت خاو لە وەرزی هاوین دۆخێکی ئاڵۆزیان دەبێت.
فاتیح بیرۆڵ وتی کە قەیرانێکی زۆر گەورەتر لە قەیرانی نەوتیی دەیەی 1970 ڕەنگە ڕوو بدات، ئەو قەیرانەی کە لەو سەردەمەدا بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ئۆپێک بۆ هەندێک وڵات ڕوویدا.
وتیشی کە قەیرانی پەنجا ساڵ پێش تەنیا یەک قەیرانی نەوتی بووە بەڵام ئێستا قەیرانێکی هاوبەشی نەوت، گازی سرووشتی و کارەبایە.
نرخی جیهانیی نەوت چەند مانگێکە کە لە ژێر کاریگەری شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهان بەرز بووەتەوە./.