گۆڤاری ئه‌مریکی “فۆربس” له ڕیزی به‌هێزترین که‌سایه‌تییه‌کانی ساڵی 2015، ڤلادیمیر پوتین سه‌رۆک کۆماری ڕووسیای له سه‌ره‌وه ناو هێناوه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانه‌وه له ماڵپه‌ڕی دیپلۆماسی ئێرانی، له ڕیزی 100 که‌سایه‌تی به‌هێزی جیهانی، پوتین پله‌ی یه‌که‌می مسۆگه‌ر کردووه، ئانگێلا مرکێل ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا له پله‌ی دووه‌م و باراک ئۆباما سه‌رۆک کۆماری ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان له پله‌ی سێهه‌می ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌دا ده‌بینرێت.
گۆڤاری فۆربس له ساڵی 2009 به‌دواوه هه‌موو ساڵێک ناوی 100 که‌سایه‌تی به‌هێزی جیهانی بڵاو کردووه‌ته‌وه.
باراک ئۆباما له ساڵی 2009 که یه‌که‌م ڕیزبه‌ندی که‌سایه‌تییه به‌هێزه‌کانی جیهان بڵاو کراوه‌ته‌وه، به‌رده‌وام له پله‌ی یه‌که‌م یان دووه‌م بووه و ئه‌مه یه‌که‌م جاره که سه‌رۆک کۆماری ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ناوی بۆ پله‌ی سێهه‌م دابه‌زیوه.
ناوی ئه‌م که‌سایه‌تییانه له پله‌ی چواره‌م تا ده‌یه‌می ڕیزبه‌ندییه‌که‌ی گۆڤاری فۆربس ده‌بینرێت:
پاپ فرانسێس ڕێبه‌ری کاتۆلیکه‌کانی جیهان
شی جن پنگ سه‌رۆک کۆماری چین
بێڵ گێتس دامه‌زرێنه‌ری کۆمپانیای مایکرۆسافت
جانت ێڵن سه‌رۆکی بانکی ناوه‌ندی ئه‌مریکا
ده‌یوید کامیرۆن سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا
نارێندا مۆدی سه‌رۆک وه‌زیرانی هیندستان
لاری پێج له دامه‌زرێنه‌رانی کۆمپانیای گۆگل
شایانی ئاماژه‌یه له‌م ڕیزبه‌ندییه‌دا مه‌لیک سه‌لمان پاشای عه‌ره‌بستان له پله‌ی یانزه‌یه‌م و فرانسوا ئۆلاند سه‌رۆک کۆماری فه‌رانسه له پله‌ی شانزه‌یه‌م ناویان هاتووه.
مارک زاکربرگ سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ری کۆمپانیای فه‌یسبووک له پله‌ی 19 و بان کی موون سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له پله‌ی 40 دایه.
عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆک کۆماری میسر له پله‌ی 49 و ئه‌بوبه‌کر ئه‌لبه‌غدادی سه‌رۆکی گرووپی تیرۆریستی داعش له پله‌ی 57ی ڕیزبه‌ندییه‌که‌دایه.