بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن دانایی فەڕ لە کۆنفرانسێک بە ناونیشانی ” هەرێمی کوردستانی عێراق، لە کێشەکانەوە تا دەرفەتەکان ” کە بە هاوکاری ئەنجومەنی ئێرانیی توێژینەوەکانی ڕۆژئاوائ ئاسیا بەڕێوەچوو، بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان وتی: ئێران لە قۆناغە جیاجیاکاندا هەوڵی داوە کە دوو حیزبی گەورەی هەرێم بگەنە خاڵی هاوکاری هاوبەش.
ناوبراو وتی: لە قۆناغێکدا بە پێی پەیوەندییە ڕۆشنبیری، ئابوری و سیاسییەکان، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان گەیشتە لوتکە و کەمترین کێشەی ئەمنی لە سنورەکانی هەر دوو لا هەبوو، ئێران پێداگری لەوە دەکات کە بچووکترین ئاڵۆزی لە هەرێمی کوردستان نەبێت و موڵەتی ئەوەش نەدات کە کێشەی ئەمنی و ئاڵۆزی لەم ناوچەیە هەبێت.
باڵیۆزی پێشووتری ئێران لە عێراق وتی: بەڵام بەرە بەرە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراق بە هۆی پیلانی داعش و هێرشەکانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە بۆ سەر عێراق تووشی کێشە بوون و ئەمەش هەندێک تێڕوانین و لێکدانەوەی نادرووستی لە نێو سەرکردەکانی کوردستان بە دواوە بوو.
دانایی فەڕ بە ئاماژە بەوەی کە نەبوونی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکان دانا و وتی: هەندێک تێڕوانینی هەڵە لە نێو سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان هاتە پێشەوە کە ئیرادەیەک لە ئێراندا هەیە کە دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەردەوام نەبێت، لە کاتێکدا کە ئەگەر پاڵپشتی و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ساڵانەدا نەبواتە، هەرێم تووشی کێشەی زۆر دەبوو.
ناوبراو وتی: ئەڵبەت هەندێک تێڕوانینی هەڵەش هەیە کە دەڵێن هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئاڵۆزییەکان بۆ ئێران بگوازێتەوە کە ئەڵبەت هەندێک ئاماژە و هەڵسووکەوتیش لەم بوارەدا هەیە و پەرە بەم گومانە دەدات. بە گشتی پەیوەندییەکانی ئێمە و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، پەیوەندییەکی باشە و بە دڵنیاییەوە دەتوانێت لەمەش باشتر بێت. هەرێمی کوردستان دەرفەتێکە بۆ گەشەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە چوارچێوەی دەستووری ئەم وڵاتە و ئێمە دەبێت هەندێک بابەت کە هەیە چارەسەر بکەین و پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەتوانێت پەیوەندییەکی تەواوکەر بێت نەک پەیوەندییەک بۆ ڕوبەڕوبونەوە.
لە درێژەی ئەو کۆنفرانسەدا، حەسەن دانایی فەڕ لە کاردانەوەی بەرامبەر بە وتەکانی محەممەد سدیق ئەحمەد دیپلۆماتکاری پێشووی هەرێمی کوردستان لە تاران کە پێی وابوو ئێران تێڕوانینێکی ئەمنیی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە و ئەمەش هەندێک کێشەی لە پەیوەندییەکانی هەر دوو لا بە دواوە بووە و تێڕوانینی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بەرامبەر بە ئێران نەرێنی کردووە، وتی: ئێمە لە تەنیا شوێنێک کە لە کردنەوەی خوێندنگەکانمان سەرکەوتوو نەبووین یان موڵەتی زانکۆ وەربگرین، لە هەرێمی کوردستان بوو، هەندێک خوێندنەوەی بەرپرسانی هەرێم ئەوە بوو کە ئەو شوێنە دەکرێتە شوێنی پەرەپێدان.
دانایی فەڕ ڕەخنەی لە وتەکانی ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی هەرێمی کوردستان لە تاران گرت و وتی: کاتێک هاووڵاتییەکی ئاسایی لە شاری ورمێ قەرزی بانکی وەردەگرێت و بۆ کردنەوەی ناوەندێکی ئابوری لە هەولێر موڵەت وەردەگرێت بەڵام پاش ماوەیەک دەبینێت کە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ئەو ناوەندە دادەخەن، بە بیانووی ئەمنی، لە کاتێکدا کە ئەو هاووڵاتییە ئاساییە هیچ پەیوەندییەکی بە پرسە ئەمنییەکانەوە نییە، دەبێت بڵێین کە ئەو تێڕوانینە ئەمنییە لە هەرێمی کوردستان هەیە.
ناوبراو وتی کە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان تێڕوانینی ئەمنییان لە سەر پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران هەیە، وتی: بۆ دەبێت دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ڕێکەوتنە هاوبەشەکان ڤیتۆ بکەن. کاتێک ئێمە دەمانەوێت لەو ناوچەیە ترانزێت بکەین قەدەغەیە بەڵام بۆ وڵاتانی دیکە هیچ کێشەیەک لەم بوارەدا بوونی نییە.
باڵیۆزی پێشووتری ئێران لە عێراق لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا ئاماژەی بە یەکەم پەیوەندییەکانی لە گەڵ سەرکردەکانی کورد دا و وتی: یەکەم پەیوەندیم لە گەڵ سەرکردەکانی کوردستانی عێراق بۆ ساڵی 1361 ی کۆچی هەتاوی و لە کاتی شەڕی سەپێندراوی سەدام لە دژی ئێران دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی کە هێزەکانی ئێرانی و بەشێک لە عێراقییەکان شان بە شانی یەکتر لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس شەڕیان دەکرد.
حەسەن دانایی فەڕ پاشان ئاماژەی بە پەیوەندی زۆر نزیکی ئێران لە گەڵ کوردان بە تایبەت سەرکردەکانی ئەوان دا و وتی: باشترین بیرەوەری کە تا ئێستا لە شەهید باکری بیستراوە، لە سەر زاری بەڕێز مەسعود بارزانییەوە بووە، ئەوان ڕایانگەیاندووە کە لە یەکێک لە پرۆسە سەربازییە هاوبەشەکانی ئێران و هێزە کوردییەکان کە لە وەرزی زستاندا بووە، شەو لە کاتی خەوتن و پاش چەند کاتژمێرێک، شەهید باکری بەتانی و پێداویستی خەوتنی هێزەکانی ئێرانی دایە هێزەکانی پێشمەرگە و وتی کە ئێستا کاتی پشوودانی ئەوانە.
وتیشی کە بە پێی ئامارە ئابورییەکان، زیاترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لە گەڵ چینە و عێراق وڵاتی دووەمە، بەڵام ئەگەر نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە پەیوەندییەکان لە گەڵ چین نەمێنێت، دەبینین کە زیاترین پەیوەندیمان لە گەڵ عێراق هەیە و لە سەدا 60 ی ئەم پەیوەندییەش لە گەڵ هەرێمی کوردستان و لە سەدا 40 ی دیکەی لە گەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە، بە واتایەکی دیکە هەرێمی کوردستان گرنگترین هاوبەشی ئابوری و بازرگانی ئێرانە.
باڵیۆزی پێشووتری ئێران لە عێراق، وتی: ئەم پەیوەندییانەش دەتوانێت زیاتر لە ئێستا گەشەی هەبێت کە ئەمەش پێویستی بە ئیرادەی هاوبەشی هەر دوو لا هەیە./.