بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە پەرلەمانی عێراق، پەیامێکی بڵاو کردەوە.
عامری لەو پەیامەدا پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کردووە کە لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە یاسای دژ بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی پەسەند کراوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم یاسایە لوتکەی عەشق و پاڵپشتی گەلی عێراق لە فەڵەستین پیشان دەدات.
ناوبراو دەستخۆشیی لە سەرجەم ئەو کەسانە کردووە کە ڕۆڵیان لە پەسەندکردنی یاساکەدا هەبووە.
سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح وتی: ئاساییکردنەوە و بانگەشەکردن بۆ پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی تاوانێکە کە سزای یاسایی هەیە و لە ئەنجامی ئەمەش عێراق پێشەنگی بەرگری لە گەلی فەڵەستین و بەهێزکردنی جیهانی ئیسلامە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی و پیلانگێڕییەکانی داهاتووی.
عامری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی وەک خیانەت بە جیهانی ئیسلام ناو برد و وتی کە ئەم پیلانگێڕییە بۆ تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت./.