بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حیزبوڵڵای لوبنان بە بۆنەی پەسەندکردنی یاسای قەدەغەکردنی پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
حیزبوڵڵا وێڕای دەستخۆشی و ستایشکردنی ئەم یاسا گرنگ و مێژووییە و شانازی بەم هەنگاوە، جەختیکردەوە کە بە تاوان ناساندنی هەر پەیوەندییەک لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، هەنگاوێکی گەورە و سەرەکییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پیلانی ناپاکانەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە کە ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ڕوویان هێناوەتە ئەم پیلانگێڕییە.
خۆڕاگری لوبنان هەروەها ئەم هەنگاوەی بە هەڵوێستێکی بەهێز لە پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین و خۆڕاگری قارەمانانەی ئەوان لە ڕوبەڕوبونەوەی تاوان و دەسدرێژییەکانی زایۆنیستەکان ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم هەڵوێستە شەرەفمەندانە و بوێرانەیە سەلمێنەری پاڵپشتی گەلی ئازیزی عێراق، مەرجەعیەتی باڵا و لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەیە و جەخت لە سەر پێگەی نەگۆڕی عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی ئامانجە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین دەکاتەوە.
حیزبوڵڵا لە کۆتایی بەیاننامەکەی داوای لە لایەنە سیاسییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئۆممەی عەرەبی کردووە کە عێراق وەک نموونەیەک سەیر بکەن و لە سەرجەم بوارەکاندا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە تاوان بناسێنن./.