بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەر زاری 4 سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە کۆمپانیا حکومییەکانی ئێران پاش واژۆکردنی گرێبەستی نۆژەنکردنەوەی بچووکترین پاڵاوگەی ڤەنزولیا، بۆ نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەی پاراگوانا کە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئەم وڵاتەیە و توانای وەبەرهێنانی 955 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەیە، ئامادە دەبن.
ئەم گرێبەستەش پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە بواری وزەدا بەهێزتر دەکات و ڕێگایەکیشە بۆ ڕزگارکردنی پیشەسازی نەوتی ڤەنزولیا کە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە زیانی بەرکەوتووە.
کۆمپانیای نیشتمانی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران لەم مانگەدا گرێبەستێکی 116 ملیۆن دۆلاریی لە گەڵ کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ڤەنزولیا بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی پاڵاوگەی 146 هەزار بەرمیلیی ئێڵ پاڵتیۆ لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە واژۆ کردووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە پرۆژەی دواتر کۆمەڵەی پاراگوانایە کە دوو پاڵاوگەی هەیە و لە ڕیزی گەورەترین پاڵاوگەکانی جیهاندایە./.