بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە نامەی دەستبەکاربوونی خۆیی ڕادەستی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کرد.
باڵیۆزی ئێران جەختی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدای لە سەرجەم بوارەکاندا کرد و وتی کە هیوادارین کۆمیتەی هاوبەشی سیاسیی هەر دوو وڵات لە ئاستی جێگرانی وەزارەتەکانی دەرەوە بەڕێوە بچێت.
ئالی سادق بە ئاماژە بە هەبوونی کەناڵە جیاجیاکانی وتووێژی نێوان هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق، سەبارەت بە هەندێک کێشەی وەک گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانی کە پێویستی بە هەماهەنگی و هەوڵێکی ناوچەیی هەیە، داوای چالاکترکردنی ئەو کەناڵانەی کرد.
وەزیری دەرەوەی عێراقیش پیرۆزبایی لە باڵیۆزی ئێران کرد و وتی کە ئێمەش پێمان باشە کەناڵە دووقۆڵییەکانی وتووێژی نێوان تاران و بەغدا چالاکتر بکرێت./.