بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرای سەعد سەڵتەنە بە گەورەترین کاروانسەرای نێو شاری ئێران دادەنرێت کە لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجاڕ درووست کراوە.
ئەم کاروانسەرایە بە ناوەکانی سەرای سەعد سەڵتەنە، سەرای سەعدیە، سەرای سەعادەت و بازاڕچەی سەعد سەڵتەنە ناسراوە و کەوتووەتە ناوەندی شاری قەزوێن لە شەقامی ئیمام خومەینی (رە).
ئەم ئاسەوارە مێژووییە بە یەکێک لە گەورەترین بینا گشتییەکان و ناوەندە بازرگانییەکانی ئێران لە سەردەمی قاجاڕ هەژمار دەکرێت کە شەش بەش بە ناوەکانی سەعدیە، سەعد سەڵتەنە، نیگار سەڵتەنە، قارەمانی، بەهەشتی و ڕاستە وەزیر لە خۆ دەگرێت و گەورەترین بازاڕی سەرپۆشراوی سەردەمی قاجاڕ لە ئێران بووە.
کاروانسەراکە لە لایەن سەعد سەڵتەنە قایمقامی ئەو کاتەی قەزوێن لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجاڕ بونیاد نراوە. کاروانسەراکە گەورەترین کاروانسەرای سەرپۆشراوی جیهان و گەورەترین کاروانسەرای ناو شاری ئێران و یەکێک لە دەگمەنترین کاروانسەراکانی ئێرانە کە پێشتر وەک ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بووە.
محەممەد باقرخان سەعد سەڵتەنەی ئەسفەهانی قایمقامی ئەو کاتەی قەزوێن لە کۆتایی دەسەڵاتەکەی ناسرەدین شای قاجاڕ، ساڵی 1310 ی کۆچی مانگی، بە پێی پەیوەندییە بەرفراوانە بازرگانییەکان لە گەڵ ڕووسیا و تورکیا، فەرمانی بۆ درووستکردنی کاروانسەرایەک لە قەزوێن دەرکرد. بیناکە لە زەوییەک بە ڕوبەری 2.7 هێکتار بە نزیکەی 400 ژوور درووست کراوە و نازناوی خۆیی لە سەر ناوە و کاروانسەراکە پاش نزیکەی دوو ساڵ بە هەوڵی دوو ئەندازیاری ئەسفەهانی و قەزوێنی لە ساڵی 1312 تەواو کرا.
کاروانسەرای سەعد سەڵتەنە تا پێش شەڕی یەکەمی جیهانی، ناوەندی بازرگانی شاری قەزوێن بووە کە لە پاش گۆڕانکارییە سیاسییەکانی حکومەتی ڕووسیا، پێگەی خۆیی وەک پردی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەورووپا و ئاسیا لە دەست دا و دواتر وەک نیمچە چالاکییەک لە بازرگانیی خۆی بەردەوام بووە.
کۆمەڵەی مێژوویی سەعد سەڵتەنە یەکێک لە پڕبایەخترین ئاسەوار و بیناکانی سەردەمی قاجاڕ و یەکێک لە 38 بینا هەڵبژێردراوەکانی میراتی کەلتوریی ئێرانە.
ئەم کاروانسەرایە بە ڕوبەری 26 هەزار مەتری یەکێک لە تەواوترین و بەربڵاوترین بینا کۆنەکانی ئێرانە.
لە ئێستادا لەم کۆمەڵەیەدا چەندین بەشی وەک ڕێستورانت، ناوەندەکانی فێرکاریی هونەری و هەروەها ناوەندەکانی فرۆشتنی پیشەسازی دەستی دەبینرێت.
لە بەشی کۆتایی کاروانسەراکە، مزگەوتێک بە ناوی مزگەوتی نەبی هەیە. ئەم مزگەوتە کۆنە پەیوەندی بە سەردەمی پاشایەتی فەتحعەلی شای قاجاڕەوە هەیە کە بە ڕوبەرێکی 14 هەزار مەتری چوار گۆشەیی، نازناوی گەورەترین مزگەوتی مێژوویی شاری قەزوێنی پێدراوە.
لە ئێستادا کاروانسەرای سەعد سەڵتەنە یەکێک لە قەرەباڵغترین شوێنە گەشتیارییەکانی شاری قەزوێنە.