بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پرسی ئاوی ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان کە لە تورکیاوە دەڕێژەتە وڵاتانی دراوسێ، لە دەیەی 1970 و پاش پرۆژەی گەورەی گاپ بووەتە کێشەیەکی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق و سوریا و هەروەها کاریگەرییەکانیشی لە سەر ئێران زۆر بووە. لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا چەندین بەنداوی گەورە لە سەر ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات درووست کراون و پرۆژەکەش بە چەندین ئامانجی سیاسی و ئابوری هێشتا بەردەوامە.
تورکیا لە گرێبەست و ڕێکەوتنە دووقۆڵییەکان لە گەڵ عێراق و سوریا ڕێژەیەکی ئاوی بۆ ئەوان دیاری کردووە بەڵام بە هۆکاری جیاجیا ئەو ڕێژەشی بەوان نەداوە. لە ساڵانی ڕابردووش ئەنکەرە گرنگییەکی زیاتری بە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا و درووستکردنی بەنداو و وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبا لە سەر ڕووبارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە بە تایبەت ڕووبارەی ئەرەس داوە. ڕووباری ئەرەس لە چوار وڵاتی تورکیا، ئێران، کۆماری ئازوەربایجان و ئەرمینیادایە و سەرچاوەکەی لە زنجیرە چیاکانی بینگۆڵی تورکیایە و بە تێپەڕبوون بە خاکی ئەم وڵاتە درێژەی لە وڵاتانی ئازەربایجان، ئێران و ئەرمینیایە و لە ڕێگای ڕووباری سنوریی ئەرەس دەڕژێتە دەریای خەزەر.
ئەم ڕووبارە بەدەر لەوەی کە سنوری هاوبەشی نێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجانە، لە هەندێک ناوچەش بووەتە سنوری هاوبەشی تورکیا و ئەرمینیا.
لە ناو خاکی تورکیا لە سەر ڕووباری ئەرەس 6 بەنداو و وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبا بە توانای 231 مێگا وات درووست کراوە. ڕێژەی کارەبای وەبەرهێنراوی ئەم بەنداوانەش لە سەدا 0.553 ی کارەبای وەبەرهێنراو و لە سەدا 0.162 ی کارەبای پێویستی تورکیایە.
ئەم ڕووبارە بە یەکێک لە گرنگترین ڕووبارەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا دادەنرێت و چەندین بەنداو و وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبای لە سەر درووست کراوە.
پرسی ئاوی ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان کە لە تورکیاوە دەڕێژەتە وڵاتانی دراوسێ، لە دەیەی 1970 و پاش پرۆژەی گەورەی گاپ بووەتە کێشەیەکی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق و سوریا و هەروەها کاریگەرییەکانیشی لە سەر ئێران زۆر بووە.
کێشەی کەمبوونی ئاو بەردەوام لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە و وشکەساڵییەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووش لە گەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و پەرەپێدانی کەرتی کشتووکاڵ لە وڵاتانی ناوچەکە، وایکردووە کە کێشەی کەم ئاوی زیاتر هەستی پێ بکرێت.
درووستکردنی بەنداو لە لایەن تورکیاوە و لە سەر ڕووبارە سنورییەکان بەدەر لەوەی کە سیاسەتێکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە، وەک کارتێکی گوشاری ئەنکەرە لە پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکەش بەکار دێت.
بە هۆی ئەوەی کە سەرچاوەی ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات لە تورکیایە، ئەم وڵاتە لە چەند قۆناغێکدا وەک کارتێکی گوشار بەکاری هێناوە و ئێستاش پێدەچێت بەرامبەر بە ئێران بۆ ڕووباری ئەرەس هەمان سیاسەت جێبەجێ دەکات. ئەم کێشەیە لە ساڵانی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ئێران و تورکیا تاوتوێ کراوە و لە دوایین نموونەش وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە کە سیاسەتی ئەنکەرە بۆ درووستکردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاوی ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان قبووڵکراو نییە.
ئەگەر پرۆژەکانی تورکیا بۆ درووستکردنی بەنداو لە سەر ئەو ڕووبارانە تەواو بن و ڕێژەی ئاوی دیاریکراو بۆ ئێران مسۆگەر نەبێت، ئەو ناوچانەی ئێران کە ڕووبارەکەی تێدا تێپەڕ دەبێت بەدەر لە کێشە ئابورییەکان ڕوبەڕوی کێشەی ژینگەییش دەبنەوە.
پێدەچێت کە حکومەتی ئێستای ئەنکەرە کە ڕوبەڕوی چەندین کێشەی جیدی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بووەتەوە، ویستی ئەوەی هەیە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، کەڵک لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت و ئەمەش دەتوانێت پەیوەندییە دابەزیوەکانی ساڵانی ڕابردووی تورکیا لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ هێندەی دیکە ساردتر بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بەرگری قەیرانی دیکەی ئەمنی و ژینگەیی ناگرێت و چارەسەرکردنی ئەم دۆخەش پێویستی بە هاوکاری و هەوڵی هاوبەشی وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران، سعوودیە، عێراق و سوریا دەبێت.
ئەوەی کە ئایا پرۆژە ئاوییەکانی تورکیا کێشەی نوێ و جیدی دەخاتە پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و وڵاتانی دراوسێ، بووەتە پرسیارێک کە خەڵکی ناوچەکە و شرۆڤەکاران و سیاسەتمەدارانی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە./.