بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانیشتنی ئاسایی ڕۆژی سێ شەممە 10 ی ئایاری 2022 ی پەرلەمانی ئەم وڵاتە لە وەڵامی پرسیارێکی جەلال مەحمود زادە نوێنەری شاری مەهاباد سەبارەت بە پرۆژەکانی درووستکردنی بەنداوی تورکیا وتی: بۆ ئێمە قبووڵکراو نییە کە تورکیا پرۆژەی درووستکردنی بەنداوەکانی جێبەجێ بکات و خەڵکی ئێران و ناوچەکە تووشی کێشە و گرفت بن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەم پرسەم سێ جار لە کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە گەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا تاوتوێ کردووە و داوامکردووە کە وەک پاراستنی مافی دراوسێبوون گرنگی جیدی بە پرسی ڕووباری ئەرەس و درووستکردنی بەنداو لە سەر ئەو ڕووبارە بدەن.
ناوبراو وتی کە هیچ ڕێکەوتنێکی دووقۆڵی لە نێوان ئێران و تورکیا لە بواری درووستکردنی بەنداودا نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: بەرپرسانی تورکیا دەڵێن کە درووستکردنی بەنداوەکان لە ناوچە کوێستانییەکان و تەنیا بۆ وەبەرهێنانی کارەبایە.
وتیشی کە ناڕەزایەتی خۆمان بە لایەنی تورکی ڕاگەیاندووە و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە وەڵامدا ئەوەی باسکردووە کە پێویستان بەو ئاوە نییە و ئاوەکە لە زستاندا گل دەدرێتەوە و لە هاویندا بەردەدرێتەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە بڕیارە شاندێک لە ئێرانەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە سەردانی تورکیا بکات./.