بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موسا ئەبومەرزوق بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەڵەستین (حەماس) وتی کە گۆڕانکارییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی ڕژێمی زایۆنیستی لاواز دەکات و کاریگەری ئەرێنیی لە سەر دۆسیەی فەڵەستین دەبێت.
ناوبراو کە بە یاوەری شاندێکی باڵای سەردانی ڕووسیای کرد، بە ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنانی ڕاگەیاند کە لە گەڵ بەرپرسانی ڕووسیا دۆخی فەڵەستین بە گشتی و قودس و مزگەوتی ئەقسا بە تایبەتی تاوتوێ کراوە.
ئەبومەرزوق وتی: ڕووداوەکانی ئێستای جیهان بەرەو هاوکێشەیەکی نوێی سیستەمی نێودەوڵەتی دەڕوات، ئەمەش دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا لە بەرژەوەندی خەڵکی زوڵملێکراو لە بەرامبەر هەژمونی وڵاتانی ڕۆژئاوا.
ناوبراو بە ئاماژە بە لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەبارەت بە زایۆنیستەکان، وتی: ئەو لێدوانانە ڕاستە و ڕاستییەکەش ئەوەیە کە هێمای زۆر لە لێدوانەکانی لاوڕۆڤدا دەردەکەوێت بەڵام زیاترین شتێک کە ئازاری زایۆنیستەکان دەدات ئەوەیە کە بەو لێدوانانە ڕیسوا دەکرێن.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حەماس، مزگەوتی ئەقسای بە هێڵی سور ناو برد و وتی کە هیچ کات لە سەر ئەمە لە گەڵ دوژمنی زایۆنیستی سازشت ناکرێت./.