بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق بە ئاماژە بە قەیرانی وشکەساڵی لە ناوچەکە و لە کاردانەوەی بەرامبەر بە تۆمەتبارکردنی ئێران بە کەمکردنەوەی ئاوی ڕوبارە هاوبەشەکان، وتی کە تەنیا لە سەدا 7 ی ئاوی عێراق لە ئێرانەوە دێت و ئەو 93 ی دیکەی لە وڵاتانی وەک تورکیاوە دێت.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنی کەناڵی دیجلە وتی کە کێشەی ئاو پەیوەندی بە یەک وڵاتەوە نییە و کێشەیەکی ناوچەییە، هەم ئاوەکانی ژێر زەوی و سەر زەوی کەمیکردووە.
مەسجدی جەختی لەوە کردەوە کە لە پرسی ئاودا ئێران هاوکاریی عێراق دەکات، وتی: ئێران هیچ کات ڕێژەی ئاوی عێراقی کەم نەکردووەتەوە و لە جێی لێدوانی نەرێنیی لایەنی عێراقی لە میدیاکانەوە دەمانەوێت لە سەر ئەم کێشەیە لە گەڵ ئێران، تورکیا و ناوچەکە بە گشتی ڕاوێژ بکرێت تا بزانن کێشەی ئاو چییە، نەک تەنیا لە سەر پرسی ئاو، بەڵکوو لە سەر خۆڵبارینەکەش دەبێت بگەینە بڕیاری هاوبەش.
باڵیۆزی ئێران وتی: بەشی هەرە زۆری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە تورکیایە، سەرچاوەکانی دیجلە و فۆرات لە تورکیایە نەک لە ئێران، لە سەدا 93 ی ئاوی عێراق لە تورکیایە، بۆ باس لەوە ناکرێت و تەنیا ئێران تۆمەتبار دەکرێت./.