بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان کە لە لایەن حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) وەک ڕۆژی جیهانی قودس دیاری کراوە، ئێرانییەکان لە هەر پێکهاتە و چین و توێژێک بۆ پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین و قودسی پیرۆز و بۆ دژایەتی ڕژێمی ناپاک و منداڵکوژی زایۆنیستی لە تاران و شارەکانی دیکە ڕژانە سەر شەقامەکان.
ئەم ڕێپێوانە مەزنە لە پاش دوو ساڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەچوو و بە ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئێران بە درووشمی مردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بەشدارییان تێدا کرد.
لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی قودس لە تاران نوێترین مووشەکی بالستیی ئێران بە ناوەکانی خەیبەرشکێن و عیمادی 3 نمایش کرا. مووشەکی خەیبەرشکێن بە توانای 1450 کیلۆمەتر بە دوورمەوداترین مووشەکی بالستی تەکتیکیی جیهان دادەنرێت. مووشەکی عیمادی سێ وەک مووشەکێکی بالستیی دیکەی ئێران توانای بڕینی 1700 تا 2000 کیلۆمەتری هەیە.
لە تاران خەڵک داوای ئەوەیان کرد کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتی خەڵکی فەڵەستین ڕوبەڕوی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ببنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا مووشەکەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین نمایش کران. مووشەکی قاسم ی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین، مووشەکی عەیاشی 250 ی حەماسی فەڵەستین، مووشەکی فاتیح 110 ی حیزبوڵڵای لوبنان، مووشەکی تشرینی سوپای سوریا، مووشەکی سجیلی سوپای پاسداران، مووشەکی قودسی 2 ی ئەنساروڵڵای یەمەن، مووشەکی جەمال 69 ی نباء ی عێراق لەو مووشەکانە بوون کە لە تاران نمایش کران./.