بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی قودس و مزگەوتی ئەقسا وتی کە لە گەڵ ئەو بەرپرسانەی ئیسرائیل قسەمان کردووە، هەستیاریی خۆمان لە سەر مزگەوتی ئەقسا بەوان ڕاگەیاندووە.
ناوبراو وتی کە تورکیا هیچ کات لە ڕووداوەکانی مزگەوتی ئەقسا چاوپۆشی ناکات و بە بەرزترین دەنگ درێژەی بە بەرگری لە قودس دەدەین تەنانەت ئەگەر جیهان بێدەنگ بێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها ڕایگەیاند کە ئەنکەرە بۆ ڕێگری لە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی فەڵەستینییەکان، درێژە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە گەڵ سەرکردەی وڵاتانی جیهان دەدات.
ئەردۆغان لە کاردانەوەی بەرامبەر بەو ڕەخنانەی لە نزیکبوونەوەی ئەنکەرە و تەل ئەبیب دەگیرێت، وتی: ئەوەی کە لە سەر پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی ئێمە و ئیسرائیل باس دەکرێت بابەتێکە و قودسیش بابەتێکی دیکەیە، ئاشکرایە کە ڕێگای بەرگری لە ئامانجی فەڵەستین، هەبوونی پەیوەندییە لە گەڵ ئیسرائیل!./.