بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامانجەکانی تورکیا لە ئەفغانستان وەک ستراتیژی چەندین دەیەی ئەم وڵاتە، پەرەپێدانی ناوچەکانی ژێر کاریگەری سیاسی، پەرەپێدانی تێڕوانینی ئیخوانی و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە خۆ دەگرێت. بە پێی ئەو نەخشەی کە توندڕۆکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، بەدەر لە ناوچە داگیرکراوەکانی کۆنی عوسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، ئێران، ئەفغانستان و تەنانەت پاکستان و بەشێک لە باشوری ڕووسیا و ئاسیای ناوەڕاستیش وەک بەشێک لەو ئیمپراتۆریەتە دەبێت.
ئەفغانستان لە بەشی باکورەوە سنوری هاوبەشی لە گەڵ ئۆزبەکستان، تورکمانستان و تاجیکستان هەیە و ئەو وڵاتانەش جوگرافیایەکی بەربڵاو بە ڕووی تورکیادا دەکەنەوە. بوونی تورکیا لە ئەفغانستان لە ڕێگای کەڵک وەرگرتن لە جوگرافیا و پەیوەندی نزیکی ئەنکەرە لە گەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست ئاسانتر بووە. نزیکتربوونی تورکیا لەم ناوچە جوگرافییە کە مێژوو و کەلتورێکی هاوبەشیان هەیە لە ڕووی سیاسی و ئابوریشەوە بەرژەوەندییەکی زۆری بۆ تورکیا دەبێت.
کردنەوەی ڕێڕەوی نەخجەوان – باکو لە پاش شەڕی قەرەباغ، پەیوەندییەکانی تورکیای لە گەڵ ئەم وڵاتانە دەستەبەر کردووە و بوونی سەربازیی تورکیا لە ئەفغانستانیش ئەم پەیوەندییە زیاتر بەهێز دەکات. تورکیا لە گەڵ پاکستانیش هاوکاری ستراتیژیی هەیە، بوونی سەربازیی تورکیا لە ئەفغانستان هاوکارییە ئەمنی و ئابورییەکان لە گەڵ پاکستان زیاتر دەکات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە دوایین کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ وتی کە تورکیا و پاکستان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ئەفغانستان هاوکاری و هەماهەنگی پێویستیان هەیە. بە پێی ئەو پەیوەندییە نزیکەش، پاکستان هیچ دژایەتی بوونی سەربازیی تورکیا لە ئەفغانستان ناکات.
بەڵام هیندستان ڕکابەرە گرنگەکەی پاکستان لە ناوچەکە و ئەفغانستان ڕەنگە دژی بوونی سەربازیی تورکیا بێت. هیندستان ساڵانێک لە ئەفغانستان شەڕی بە وەکالەتی لە گەڵ پاکستان هەبووە، هەر بۆیە نیودهلی دژی هاوپەیمانی و هاوکاریی ئەنکەرە و ئیسلام ئاوا لە ئەفغانستان دەبێت.
هاوکات ڕکابەرەکانی تورکیاش پێشینەی پەیوەندییەکی زۆریان لە گەڵ ئەفغانستان هەیە و وەک بەرپرسانی ئەنکەرە، ئەوانیش ئاگاداری گرنگیی پێگەی ستراتیژیی ئەم وڵاتەن و بەم هۆیەوە تورکیا بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی خۆی لە ئەفغانستان و گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕێگایەکی هێندە ئاسانی لە پێشدا نابێت.
دراوسێکانی ئەفغانستانیش لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخ و گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە دەکەن. ئێران، ڕووسیا و چین ئەگەرچی لە بوونی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوای لە ئەفغانستان ناڕازین بەڵام هاوکات ڕەخنەشیان لە کشانەوەی نابەرپرسانەی ئەو وڵاتانە گرتووە و لەوەش نیگەرانن کە کێشە و گرفتەکانی ئەفغانستان وەک شەپۆلی ئاوارەکان و زیاتربوونی وەبەرهێنان و قاچاخی مادە هۆشبەرەکان کاریگەریشی لە سەر ئەوان داناوە.
ئێران و سعوودیەش دوو ڕکابەری گرنگی تورکیا و دژی پەرەپێدانی پێگەی ئەم وڵاتە لە ئەفغانستانن. کۆماری ئیسلامی ئێران ئەفغانستان بە ناوچەیەکی نزیک لە خۆی دەزانێت و لە ماوەی 42 ساڵی ڕابردوو بەردەوام لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەم وڵاتەی کردووە.
ڕووسیاش بە هەستیارییەوە مامەڵە لە گەڵ دۆخی ئەفغانستان دەکات. پێشتر لە گەڵ دەسەڵاتی ئەم وڵاتە پەیوەندییەکی نزیکی هەبووە و ئێستاش هەمان پەیوەندیی لە گەڵ تاڵیبان هەیە. مۆسکۆ کە دژی ئەمریکا و ناتۆیە لە ئەفغانستان، بە هەمان شێوەی بوونی سەربازیی تورکیاشی پێ باش نییە. ڕووسیا بە هۆی داگیرکاریی ئەفغانستان لە سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت ناوبانگێکی باشی لای خەڵکی ئەم وڵاتە نییە.
چین وەک زلهێزێکی ناوچەکە دژی پەیوەندیی تاڵیبان و حیزبی ئیسلامی تورکستانە لە ناوچەی سین کیانگ. ئەم وڵاتە بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ پاکستان تا ئێستا ڕێگریی لە پەیوەندیی تاڵیبان و ئەو حیزبە کردووە.
پەکین بە پرۆژە سەرمایەگوزارییەکانی بەردەوام جەخت لە سەر دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ئەفغانستان دەکاتەوە. بەم هۆیەوە چین بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ پاکستان لە پێناو ئەو ئامانجەی لە ئەفغانستان پاڵپشتی لە هاوکارییەکانی نێوان تورکیا و پاکستان لە ئەفغانستان دەکات.
ئەگەر ئێران و سعوودیە وەک دوو ڕکابەری ناوچەیی لە ئەفغانستان بن، تورکیاش بە دڵنیاییەوە لەم وڵاتە بوونی دەبێت. ئەگەر لە ئێستادا ناکۆکی لە نێوان ئێران، سعوودیە و پاکستان هەیە، تورکیاش کەمتەرخەم نییە و لە پاکستان نزیک بووەتەوە. هەروەها ئەگەر ناکۆکییەک لە نێوان چین، ڕووسیا و ئەمریکا هەیە ئەنکەرە بێدەنگ نەبووە و وێڕای وەرگرتنی ئیمتیاز لەو وڵاتانە، لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە لە یەکێک لەوان نزیک دەبێتەوە و هیچ ترسێکی لە گۆڕینی ئەم سیاسەت و تێڕوانینەش نییە.
ئەفغانستان ئەو گۆڕەپانەیە کە تورکیا هەوڵ دەدات لەو ڕێگایەوە کێشەکانی لە گەڵ ئەمریکا بە تایبەت لە سەر کڕینی چەک و کەرەستە سەربازییەکانی ڕووسیا چارەسەر بکات. نیگەرانییەکانی تایبەت بە بوونی سەربازیی تورکیا لە ئەفغانستان زیاتریش ئەوەیە کە ڕەنگە لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵەوە هەوڵی گواستنەوەی تیرۆریستان بۆ ئەم وڵاتە بدات و لەوێشەوە لە دژی دراوسێکانی ئەفغانستان بە تایبەت ئێران و ڕووسیا بەکاریان بێنێت./.