بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنتۆنیۆ گۆترش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کە یەک ملیار و 700 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان کێشەی کەمبوون و تەواوبوونی خۆراک، وزە و کێشە داراییەکانیان هەیە.
ناوبراو وتی: لەو یەک ملیار و 700 ملیۆن کەسە یەک لە سەر سێی ئەوان لە ژێر هێڵی هەژاریدان و لە ئێستادا گوشاری کەمبوون و تەواوبوونی خۆراک، وزە و کێشە داراییەکانیان لە سەرە و ئەمەش هەژاری و برسێتی زیاتری لێکەوتووەتەوە.
وتیشی کە 36 وڵات پێویستیان بە هاوردەی گەنمی ڕووسیا و ئۆکرانیایە و ژمارەیەک لە هەژارترین وڵاتانی جیهانیش لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدان.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها جەختیکردەوە کە نرخەکان بە هۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاوە بەرز بووەتەوە، بە تایبەت نرخی نەوت کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 60 بەرز بووەتەوە و نرخی گازیش بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو لە سەدا 50 بەرزبوونەوەی هەبووە، نرخی پەینی کیمیایی دوو هێندە زیادی کردووە، ڕێژەی هەڵئاوسان بەرز بووەتەوە، کڕیارانی وزە کەمبوونەتەوە و پێشکەوتن و گەشەش ڕاوەستاوە./.