بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سكاڵایان تۆمار كردووە چونكە یاسا سەروەرە و دژی تۆمەت بەخشینەوەشن بەرامبەر كۆمەڵێك رۆژنامەنوس.
کاروان ئەنور وێڕای ئاماژە بە بەڕێوەچوونی خولی ڕۆژنامەوانی لە سلێمانی و ئێران بە بەشداری 25 کەس لە کۆرسی یەکەم و 20 کەس لە کۆرسی دووهەم و سەرکەوتوو بوون و ئاشکرا و شەفاف بوونی خولەکە و ڕوماڵی میدیایی لە سەریان، وتی: “پاش تەواوبوونی خولەكە چەند میدیایەكی رەسمی و سێبەر لە هەولێرەوە كەوتنە بڵاوكردنەوەی قسەی سەیرو بێ بنەماوهەڵبەستنی تۆمەت و بوختان بۆ بەشداربوانی خولەكەو سكرتێرو ستافی لقی سلێمانی سەندیكاكە و تۆمەتی زۆر نارەواو نابەجێیان دایە پاڵیان و لە خانەی ئەدەب و راستگۆیی دەرچوون”.
ڕاشیگەیاند لقی سلێمانی سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو دەزگایانە تۆمار كرد كە خاوەنی مۆڵەتی رەسمین.
دەشڵێت: ئەو دەزگایانەش كە وەك سێبەر بە بێ خاوەندارێتی كار دەكەن لەماوەی داهاتوودا سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكرێت.
دڵنیایشیداوە کە یاسا دەكەنە “سەروەرو تا ئەو كاتەی ماهیەت و رادەی راستگۆیی ئەو كەناڵانە بۆ خەڵك دەرنەخەین دەستبەرداری كەیسەكە نابین و مەرجە ئەو دەزگا بەناو میدیاییانە داوای لێبووردنی رەسمی لە گەنجانی بەشداربووی خولەكە بكەن”.