پشتیوان عەلی محەممەد شارەزای بواری جوگرافی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ئامانجەکانی تورکیا لە جێبەجێکردنی پرۆژەی گاپ و کاریگەرییەکانی لە سەر وڵاتانی ناوچەکە، وتی: پرۆژەی گاپ بە ناوی پرۆژەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵیشەوە دەناسرێت، بە یەکێک لە پرۆژە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و تورکیا کۆمەڵە ئامانجێکی سیاسی و ئابوریی لە جێبەجێکردنی هەیە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: وەبەرهێنانی کارەبا بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و هەناردەی بۆ دەرەوە یەکێک لە ئامانجەکانی تورکیایە. لە لایەکی دیکەوە دەیەوێت لە بواری کشتووکاڵی کەڵک لەو ئاوە وەربگرێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر دابینکردنی هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تورکیا دەبێت. هەروەها بۆ پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی و پەرەپێدانی ئەو پیشەسازییانەی کە پێویستیان بە ئاوە.
ئەو شارەزایەی بواری جوگرافی وتی: تورکیا لە ڕێگای ئەم پرۆژەوە ئامانجی سیاسیشی هەیە و دەیەوێت هەلی کار و خۆشگوزەرانی خەڵک لە ناوچە کوردییەکان دابین بکات تا ئەوان هەست بە لاوازی نەتەوەیی نەکەن. هەروەها دەیەوێت پێگەی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز بکات، بە تایبەت لە بواری پیشەسازی و کشتووکاڵی. لە لایەکی دیکەوە تورکیا لە ڕێگای ئەم پرۆژە و کاریگەرییەکانیەوە دەیەوێت گوشاری پێویست لە سەر سوریا وعێراق بۆ ئامانجەکانی خۆی دابنێت.
پشتیوان عەلی محەممەد وتی کە تورکیا لە ڕێگای پرۆژەی گاپەوە دەتوانێت لە سەرچاوەکانی ئاوی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فۆرات وەک کارتێکی گوشاری سیاسی و ئابوری کەڵک وەربگرێت. یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی ئەم پرۆژەیە ئەگەری وشکەساڵییە لە هەر دوو وڵاتی سوریا و عێراق و ئەم دوو وڵاتە بە هۆی کەم ئاوییەوە تووشی قەیران بکات.
ناوبراو جەختیکردەوە کە بە تەواوبوونی پرۆژەی گاپ چەندین قەیرانی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی بە گشتی ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
وتیشی کە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکەوتننامەکان بە فەرمی داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن بۆ ڕێگری لە کاریگەرییەکانی داهاتووی ئەم پرۆژەیە، هەروەها دەکرێت بە پێی یاسا تایبەتەکان و ڕێکەوتننامەی ئاویی هاوبەش چارەسەری ئەم کێشەیە بۆ داهاتوو بکەن.
ئەو شارەزایەی بواری جوگرافی بە پێویستی زانی کە عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئاویی خۆیاندا بکەن و شێوازی کشتووکاڵ و ئاودێری دەبێت گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، هەروەها درووستکردنی بەنداوی بچووک لە هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی بۆ کشتووکاڵ دەتوانێت ئاسایشی خۆراک لە هەرێم دەستەبەر بکات.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد