بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی سێ شەممە، 5 ی نیسان ی 2022، کەسێک بە چەقۆ سێ مامۆستای ئائینیی لە مەزاری پیرۆزی ئیمام ڕەزا (ع) لە شاری مەشهەد بریندار کرد کە یەکێک لەوان دەستبەجێ شەهید بوو و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون و ڕەوشی تەندرووستی یەکێک لە بریندارەکان تا ئێستا ناجێگیرە.
هێرشبەرەکە کەسێکی تەمەن 21 ساڵەیە بە ناوی عەبدولەتیف مورادی، بە ڕەچەڵەک ئۆزبەکە و خەڵکی ئەفغانستانە و ساڵی ڕابردوو بە نایاسایی هاتووەتە ئێران و پاشان لە شاری مەشهەد جێگیر بووە.
ناوبراو لە گەڵ برایەکی لە گەڕەکی مێهرئابادی شاری مەشهەد نیشتەجێ بووە.
ئەو کەسە ڕۆژی سێ شەممە کاتژمێر 4 ی عەسر بە چەقۆیەکی گەورە دەچێتە بارەگای پیرۆزی ئیمام ڕەزا (ع) و لە هۆڵی پێغەمبەری گەورە (د.خ) چاوەڕوان دەبێت تا هێرش بکاتە سەر ئەو کەسانەی جلوبەرگی ئائینییان لە بەرە و پاشان هێرش دەکاتە سەر سێ کەس و بە تەنیا 20 چەقۆ لە یەکێک لەوان دەدات کە ڕەنگە ئەو کەسەیان بێت کە دەستبەجێ شەهید بووە.
ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە چەندین ناوی وەک عەبدولەتیف سەلەفی، حەسەن مورادی و ئەبولعاقب موەحید باس کراوە کە هەڵگری بیر و بۆچوونی توندڕۆیی و تەکفیری بووە.
6 کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردنی عەبدولەتیف مورادی بە تایبەت دوو لە براکانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و لێکۆڵینەوەکان لەوان بەردەوامە./.