بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نوری مالیکی سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی سەدر و بارزانی و حەلبوسی لە گەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان وتی کە ئەم ناکۆکییانە دوو ڕەهەندی ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە.
ناوبراو وتی: ئێمە داوامان لە ئێرانییەکان کرد کە دەستێوەردانیان نەبێت و داواکارییەکەیان جێبەجێ کرد و دواتر وێنەی کۆبوونەوەکەی خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبوسییان لە گەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا بە ئێمە پیشاندا.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق وتی کە ئامادەین کۆتایی بە دەستێوەردانی دەرەکی بێنین بە مەرجێک کە هاوپەیمانی سێقۆڵیش کۆتایی بەمە بێنێت.
مالیکی بە ئاماژە بە پێداگری چوارچێوەی هەماهەنگی لە سەر پێکهێنانی کابینەی پێکهێنراوی فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانی لە عێراق، وتی: کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی بە پێی فراکسیۆنی زۆرینە نەبوو و ئەو کێشانە ڕووی دا کە هەمووان بە چاوی خۆیان بینییان، هەر بۆیە ئێمە پێداگری لەوە دەکەین کە کابینەی نوێ لە لایەن فراکسیۆنی زۆرینەوە پێک بهێندرێت تا کێشەکانی پاش کەوتنی عادل عەبدولمەهدی دووبارە نەبێتەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی: پرۆسەی سیاسی بە بێ ڕێکەوتنی سیاسی لە عێراق، دەگاتە تیرۆریزم، گەندەڵی و دەستێوەردانی دەرەکی.
ناوبراو جەختیکردەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی دژی هەڵوەشانەوەی ئەم خولەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە و پێی وایە کە ئەگەر ئەمە ڕوو بدات خەڵک هیوا و متمانەی خۆیان بە پرۆسەی سیاسی لە دەست دەدەن./.