بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عادل کەریم وتی کە وەزارەتی کارەبای عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ دەستپێکردووە و ئامانجەکەشی بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی کارەبایە.
ناوبراو وتی کە ئەگەر سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکان دابین بکرێت ڕەوشی وەبەرهێنانی کارەبای عێراق ڕوو لە باشتربوون دەکات و 4 هەزار مێگاوات لەو ڕێژەیە زیاد دەکرێت.
وەزیری کارەبای عێراق بە وەکالەت وتی: عێراق لە ئێستادا پێویستی بە 35 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە و ساڵانەش 1500 مێگاواتی پێ زیاد دەکرێت و ئەەگر تا ساڵی 2026 بودجەی پێویست بۆ وەزارەتی کارەبا دابین بکرێت وەبەرهێنانی کارەبای عێراق زیادەش دەبێت.
عادل کەریم سەبارەت بە هاوردەکردنی گازی ئێرانیش وتی کە گازی ئێران بۆ وێستگەکانی عێراق گونجاوە و نرخەکەشی قبووڵکراوە و تا ساڵانی داهاتوو پێویست بە هاوردەکردنی دەکات.
لە هاوینی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە بۆ یەکەم جار وەبەرهێنانی کارەبای ئەم وڵاتە گەیشتووەتە 21 هەزار مێگاوات./.