بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕیاز سەلامە سەرۆکی بانکی ناوەندی لوبنان شەوی دووشەممە ڕایگەیاند کە ئەوەی سەبارەت بە مایەپوچیی بانکی ناوەندی بڵاو بووەتەوە، درووست نییە.
ناوبراو وتی: سەرەڕای ئەو زیانەی بەر کەرتی دارایی لوبنان کەوتووە، بانکی ناوەندی درێژە بە کار و چالاکییەکانی بە پێی مادەی 70 ی یاسای دارایی و بانکی دەدات.
سەلامە وتی کە بە پێی پلانی باشترکردنی دۆخی ئابوری کە حکومەتی لوبنان ئامادەی کردووە و بە هاوکاری سندۆقی نێودەوڵەتی دراو جێبەجێ دەکرێت، هەوڵی قەرەبووکردنەوەی زیانە داراییەکانی لوبنان دەدرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەعادە شامی جێگری سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕایگەیاندبوو کە حکومەت و بانکی ناوەندی مایەپوچ بوون و دەبیت زیانەکان لە نێوان حکومەت، بانکەکان، بانکی ناوەندی و ئەوانەی پارەیان لە بانکەکانە دابەش بکرێت./.









