بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەسغەر حاجی ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژێکی ڤیدیۆییدا لە گەڵ هانس گرۆندبرگ نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن دوایین دۆخی ئەم وڵاتە و گۆڕانکارییەکانی تاوتوێ کرد.
ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە هەشت ساڵ شەڕی ڕۆخێنەر و گەمارۆی زاڵمانەی هاوپەیمانی سعوودیە لە دژی گەلی یەمەن، هیوای خواست کە لە ئاکامی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان، هەڵگرتنی گەمارۆکان و جێگیرکردنی ئاگربەست، ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆڤی بکرێت.
عەلی ئەسغەر حاجی دەستپێشخەری ئاشتیی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای یەمەنی بە گرنگ ناو برد و وتی: لە ئەگەری گرنگیدان بەو دەستپێشخەرییە و هەبوونی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی قەیرانی یەمەن و لە بەرچاوگرتنی دۆخی مرۆڤی، دەتوانرێت لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان هەنگاوێکی کرداری بەرەو کۆتایی هێنانی شەڕی یەمەن هەڵبگیرێت.
نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ کاروباری یەمەن وێڕای شرۆڤەی دوایین هەوڵەکانی خۆی، ڕایگەیاند کە بۆ بەردەوامی وتووێژەکان سەردانی تاران دەکات./.