بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنوەر قەرقاش بە کەناڵی CNN ی ڕاگەیاند کە گۆڕانکارییەکانی ئۆکرانیا کاریگەریی لە سەر جیهان بە گشتی دەبێت و لێکەوتەکانیشی قووڵ و درێژخایەن دەبن.
ناوبراو وتی کە هەمووان دەبێت بۆ دابینکردنی ڕێگاچارەی سیاسیی ئەم قەیرانە لە زووترین کاتدا هەوڵ بدەن.
قەرقاش جەختیکردەوە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گۆڕانکاری ڕیشەیی بە خۆوە دەبینێت بەڵام دەبێت هاوشانی گۆڕانکارییە جیهانییەکان بەرەو پێش بڕوات.
ئەو بەرپرسەی ئیمارات بە ئاماژە بە کۆبوونەوەکەی نەقب (کۆبوونەوەی خیانەت لە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی، ئەمریکا، ئیمارات، بەحرەین، میسر و مەغریب) و لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی کە بە هەوڵێک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران ناوی بردبوو، وتی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا ئێران و ئیسرائیل نییە.
ئەنوەر قەرقاش وتی: هەوڵ دەدەین ڕێگایەک بۆ هاوکاری کاریگەر لە گەڵ ئێران بدۆزینەوە. هەموو هەوڵێکمان گەیشتنە بە سیستەمێکی سەقامگیر و گەشەسەندووە لە تەواوی ناوچەکە کە ئێران و وڵاتانی دیکەش لە خۆ بگرێت.
ڕاوێژکاری سیاسیی سەرۆکی ئیمارات وتی: پێویستمان بە داخستنی لاپەڕەکانی ڕابردوو و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ هەیە کە ئەم ئامانجەش بە هەماهەنگی و پەیوەندی لە گەڵ دۆستان و دوژمنان مسۆگەر دەبێت و ئەوەی کە دڵنیا بین ئەم پردانە پێکەوە بەسراونەتەوە./.